تورکمانەکانی هەرێمی کوردستان لە دژی گرووپە تورکمانییەکانی نێو حەشدی شەعبی هاتنە دەنگ
مونا قەهوەچی، سەرۆکی لیستی پارتی چاکسازی پێشکەوتووی تورکمان، لەپەرلەمانی کوردستان بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “هەڵوێستمان لەسەر هێزی تورکمانیی حەشدی شەعبی ڕوونە، هەرهێزێک بیەوێت لەچوار چێوەی سنووری هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی داعش ببێتەوە، دەبێت لەنێو هێزی پێشمەرگەدا بێت، چونکە لەم ناوچەیە هەموومان ئەگەر یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بین، دەتوانین پێکەوە ڕووبەڕووی داعش ببینەوە”. گوتیشی: “دروستبوونی حەشدی شەعبی تورمانی لە دەرەرەی وەزارەتی پێشمەرگە دیاردەی لابەلا دروست دەکات و نابێت ڕێگا بدرێت، تورکمانەکان هان بدرێن لە ڕێگای حەشدی شەعبییەوە بکرێنە دوژمنی پێشمەرگە، نابێت پێکەوە ژیان لەناو بچێت، چونکە پێشمەرگە توانیوەتی سەرکەوتن بەدەست بهێنێت و ئەم شەڕەش کە لە نێوان گەنجانی کورد و حەشدی شەعبی دەستی پێکردووە، زیان لە هەردوولا دەدات".
قەهوەچی باسی لەوە کرد کە شەڕ ئارامیی ناوچەکە دەشێوێنێت و گوتی: “مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان یان فراکسیۆنی پێکهاتە جیاوازەکانی پەرلەمانی کوردستان، خۆی گوتی، هەر کەسێک یان لایەنێک دەیەوێت خزمەتی ئەم وڵاتە بکات، دەتوانێت بە یاسا و لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە، خزمەت بکەن، بەم شێوەیەش بارزانی دەرگای بۆ خەڵکی پێکهاتە جیاوازەکان واڵاکردووە، بۆ ئەوەی بچنە ناو هێزی پێشمەرگە".
