شه‌ڕ له‌ خورماتوو ده‌ستیپێكرده‌وه‌

 شه‌ڕ له‌ خورماتوو ده‌ستیپێكرده‌وه‌
دوای‌ نه‌مانی‌ ته‌قه‌ له‌ قه‌زای‌ خورماتو بۆ ماوه‌ی‌ نزیكه‌ی‌ 16 كاتژمێر، كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر كه‌تیبه‌كانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ ده‌ستیان به‌ده‌ستڕێژی‌ گولله‌ كردو به‌و هۆه‌یه‌وه‌ پۆلیسێك شه‌هید بوو و چه‌ند پۆلیسێكی‌ تریش برینداربوون.

محمد فایه‌ق به‌رپرسی‌ ڕاگه‌یاندنی‌ قه‌زای‌ خورماتوو راگه‌یاند كه‌ كه‌مێك پێش ئێستا كه‌تیبه‌كانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ ده‌ستیان به‌ته‌قه‌كردن كردووه‌ و به‌وهۆیه‌وه‌ پۆلیسێك شه‌هیدبووه‌ نه‌قبێكی‌ پۆلیسیش برینداربووه‌‌ كه هه‌ردووكیان‌ عه‌ره‌بی‌ سونه‌ن و دوو پۆلیسی‌ تریش برینداربوون كه‌‌ توركمانی‌ شیعه‌ مه‌زهه‌بن.

ئه‌و به‌رپرسه‌ی‌ قایمقامیه‌ت روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و پۆلیسانه‌ی‌ شه‌هید و برینداربوون به‌ گوله‌‌ی‌ چه‌كدارانی‌ كه‌تیبه‌ی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ شه‌هیدو برینداربوون و سه‌ر به‌ پۆلیسی‌ كاره‌بای‌ خورماتووبون، له‌كاتی‌ به‌جێهێنانی‌ ئه‌ركه‌كانیاندا كه‌وتونه‌ته‌ نێوان ئه‌و شه‌ڕه‌وه.

ئه‌مڕۆش مه‌سعود بارزانی‌ له‌میانه‌ی‌ په‌یامێكیدا داوای‌ لە بەرپرسانی هەرێم و فەرماندەكانی پێشمەرگە له‌خورماتوو كرد كە لەگەڵ "ئاقڵمەندانی" ناو حەشد، ئەوانەی كە دژی فیتنەن بكەونە دیالۆگ و راوێژ، بۆ ئەوەی رێگە لەو كەسانە بگرن كە دەیانەوی ئاگری شەڕ و فیتنە هەڵگیرسێنن و ئاسوودەیی خەڵك و پێكهاتەكانی ناوچەكە بشێوێنن.

بارزانی‌ جه‌ختیشیكرده‌وه‌، پێویستە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەرگری لە خەڵكی ناوچەكە بكات و رێگەیش لە هەموو دەستدریژییەك بۆ سەر ماڵ و موڵكی هاووڵاتیان و دانیشتوانی خوورماتوو بگرێت.

ئه‌مڕۆ ئه‌مه‌ یه‌كه‌م ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌و شه‌ڕه‌ له‌ نێوان كوردانی‌ قه‌زای‌ خورماتوو و چه‌كدارانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبیدا، ئه‌وه‌ش دوای‌ 16 كاتژمێر له‌ نه‌مانی‌ ته‌قه‌ له‌نێوان هه‌ردوولادا كه‌ له‌ سێ‌ ڕۆژی‌ ڕابردوودا شه‌ڕی‌ قورس له‌نێوانیاندا روویدا.
Top