ژاپۆن كۆنسووڵخانە لە هەرێمی كوردستاندا دەكاتەوە
نێوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 26 - 4 – 2016، (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە (فیومیۆ ئیوای)، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە بە گشتی و عێراق و هەرێمی كردستان بە تایبەتی خرایە بەر باس و گفتوگۆ و تیشك خرایە سەر ئەو پڕۆژە هاوكاریانەی كە وڵاتی ژاپۆن پێشكەش بە عێراقی كردوون، بە تایبەتی ئەوانەی لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ كراون، یان لە ژێر جێبەجێكردندان، هەروەها بەردەوامیی هاوكارییەكانی ژاپۆن بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان بەپێی ئەو بڕیارەی پێشتر داویەتی، دووپات كرایەوە.
باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق هەروەها ڕایگەیاند، حكوومەتی وڵاتەكەی كە ئێستا تەنیا كۆنسووڵی فەخرییان لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، بڕیاری داوە لە داهاتوودا كۆنسووڵخانەی گشتیی وڵاتەكەی لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستاندا بكاتەوە.
تاوتووكردنی دۆخی سیاسی و ئەو هەنگاوانەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ڕیفۆرم و چاكسازی ناویەتی، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو و، لەمبارەیەیشەوە (نێچیرڤان بارزانی) ئاماژەی بەوە دا كە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەو پرۆسەیە زۆر جددییە و پێویستی بە هاوكاریی هەموو لایەك هەیە بە تایبەتی كە چاكسازییەكان لەسەر بنەمایەكی زانستیی ڕێكوپێك ئەنجام بدرێن و لەسەر ئەم هەوڵانەشی بەردەوام دەبێت. هەروەها سوپاسی ئەو هاوكارییانەی وڵاتی ژاپۆنی كرد كە لە چوارچێوەی پرۆژەكانیان بۆ عێراق، لە هەرێمی كوردستاندا جێبەجێی دەكەن.
