عه‌بادی ماڵئاوایی له وه‌زیره‌كانی كابینه‌ی ئێستای حكومه‌ت كرد
پێش كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مرۆی په‌رله‌مانی عیراق حه‌یده‌ر عه‌بادی له‌گه‌ڵ وه‌زیره‌كانی كابینه‌ی ئێستای حكومه‌ت كۆبوویه‌وه.
محه‌مه‌د ئیقبال وه‌زیری په‌روه‌رده تایبه‌ت به‌خه‌ندانی راگه‌یاند "له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا عه‌بادی ماڵئاوایی لێكردین و پێی راگه‌یاندین كه ئه‌مه دوایین كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بووه".
وتیشی "عه‌بادی پێی وتین گۆڕانكاری گشتگیر ئه‌نجام ده‌دات، به‌ڵام گۆڕینی وه‌زیره‌كانی ئێستا مانای لابردنیان نییه، به‌ڵكو هه‌ندێك له وه‌زیره‌كان كاری باشیان كردووه".
دوای كۆبونه‌وه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، عه‌بادی چووه كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عیراقه‌وه، به‌ڵام له ئێستادا كۆبونه‌وه‌كه گرژی تێكه‌وتووه، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی په‌رله‌مانتارانی مانگرتوو چونه كۆبونهوهكهوهو هوتافیان دژی عه‌بادی وته‌وه.
په‌یامنێری خه‌ندان له‌په‌رله‌مانی عیراق رایگه‌یاند، په‌رله‌مانتارانی مانگرتوو له ئێستادا له‌ناو هۆڵی په‌رله‌مان هوتاف ده‌ڵێنه‌وه‌و ده‌ڵێن ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه "ناشه‌رعی" یه.
به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی فه‌رمانگه‌ی راگه‌یاندنی په‌رله‌مانی عیراق، له دانیشتنی ئه‌مڕۆدا تاوتوێی پرسی له‌سه‌ر كار لابردنی سه‌رۆكایه‌تی په‌له‌مان ده‌كرێت و هه‌روه‌ها میوانداری حه‌یده‌ر عه‌بادی ده‌كرێت بۆ باسكردنی پرسی گۆڕانكاری وه‌زاری.
عه‌بادی له‌كۆتایی مانگی رابردوودا لیستی یه‌كه‌می ناوی كاندیده‌كانی پێشكه‌شی په‌رله‌مان كرد كه ناڕه‌زایی گه‌وره‌ی به‌دوای خۆیدا هێنا، دواتریش لیستی دووه‌می راده‌ستی په‌رله‌مان كرد، به‌ڵام ئه‌وه‌ش به‌هه‌مان شێوه ناڕه‌زایی به‌دوای خۆیدا هێنا.
