پەیامی سەرۆك بارزانی لەبارەی ڕووداوەكانی خوورماتوو
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
ڕووداوەكانی چەند ڕۆژی ڕابردووی شارۆچكەی خوورماتوو كە بووە هۆی گرژی و ناسەقامگیری لەم شارۆچەكەیە جێگەی دڵگرانیی ئیمەیە. زۆر ئاشكرایە كە هەندی كەس و لایەن كە پێشتریش سەرچاوەی گرفت و فیتنە بوونە، ئیستا لەژێر ناوی تازە دەستیان لە نانەوەی كێشە و فیتنەگێریدا هەیە و دەیانەوێ شەڕ و دووبەرەكی لەنێو خەڵكی خۆجێی ناوچەكە و پێكهاتەكان دروست بكەن.
بەداخێكی زۆرەوە لە ئەنجامی ئەو ڕووداوانە ژمارەیەك هاووڵاتی و پێشمەرگە شەهید و بریندار بوون، سەرەخۆشی لە كەسوكاری شەهیدان دەكەم و هیوای چاكبوونەوەی برینداران دەخوازم. داوا لە بەرپرسانی هەرێم و فەرماندەكانی پێشمەرگە دەكەم كە لەگەڵ ئاقڵمەندانی ناو حەشد، ئەوانەی كە دژی فیتنەن بكەونە دیالۆگ و ڕاوێژ، بۆ ئەوەی رێگە لەو كەسانە بگرن كە دەیانەوی ئاگری شەڕ و فیتنە هەڵگیرسێنن و ئاسوودەیی خەڵك و پێكهاتەكانی ناوچەكە بشێوێنن.
پێویستە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەرگری لە خەڵكی ناوچەكە بكات و رێگەیش لە هەموو دەستدریژییەك بۆ سەر ماڵ و موڵكی هاووڵاتیان و دانیشتوانی خوورماتوو بگرێت.
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
26ـی 4ـی 2016
