سەرۆکی کۆماریخوازانی کۆنگرێسی ئەمەریکا: کورد مافی خۆیەتی دەوڵەتی سەربەخۆی ھەبێت
مەریوان نەقشبەندی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، ڕاگەیاند: لەسەر داوای ئەمریکا، بۆ باسکردنی ئەو یاسایانەی ھەرێمی کوردستان کە پەیوەندییان بە پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی ھەیە، سەردانی ئەمەریکامان کرد".
بە گوتەی نەقشبەندی، ئەمەریکییەکان بەو شێوازە مامەڵەیەی ھەرێمی کوردستان سەرسام بوون، بە تایبەتیش لە ڕووی چۆنیەتی پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی.
نەقشبەندی ئەوەشی ئاشکرا کرد: لە دیدارێکماندا لەگەڵ سەرۆکی لیستی کۆمارییەکان لەناو کۆنگرێسی ئەمریکا، زۆر بە ڕاشکاوی پێی گوتین، ئەوەی ئێوە لە کوردستان کردووتانە، ھەموو ئەمەریکا نەیتوانیوە دوای چەندین ساڵ مانەوەی لە عێراقدا ئەنجامی بدات، ئێستاش ڕۆژانە دەیبینین شەڕی تایفی و مەزھەبی لە عێراقدا ڕوودەدات. ئەمەریکا نەیتوانی ئایین و مەزھەبەکان ڕێکبخات، ئێستاش ئەوە بە ڕوونی دیارە کە لە عێراق کێشە و ململانێی ئایینی چەندە قووڵ بووەتەوە، بەڵام لە ھەرێمی کوردستاندا کێشەی ئایینی بوونی نییە".
بە گوتەی بەڕێوەبەرەکەی وەزارەتی ئەوقاف، سەرۆکی کۆماریخوازەکانی کۆنگرێس بە شاندی ھەرێمی کوردستانیان گوتووە: ”کورد مافی خۆیەتی ببێتە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆ. بۆ ئەوەی کورد ببێتە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆ، دەبێت لەسەر پێکەوەژیان و فرە ئایینی و ئازادییەکان بەردەوام بێت“. گوتیشی: ”لە کۆشکی سپیش، یاریدەدەرەکانی ئۆباما زۆر بە گرنگییەوە ئاگایان لە بارودۆخی کوردستانە. زیاتر لە سەعاتێک گفتوگۆمان کرد و یاریدەدەرەکانی ئۆباما گوتیان، ئێمە بە ھەموو توانایەک پشتگیریی گەلی کورد دەکەین، چونکە ئێوە ئەم ڕێچکە مەدەنییەتان ھەیە لەڕێی کاروباری ئایینییەوە".
مەریوان نەقشبەندی ئەوەشی ڕاگەیاند، سەبارەت بە مەسەلەی ڕیفراندۆم و دەوڵەتی سەربەخۆ، ئاماژەیان بەوە داوە کە ئەگەر کوردستان سەربەخۆ بێت، ئەوا ئەزموونی پێکەوەژیان و ئازادییەکان قووڵتر دەبێتەوە.
باسنیوز
