گەنجانی خورماتوو دەستیان داوەتە چەک و لەپاڵ پێشمەرگە شەڕ لەدژی میلیشیا شیعەکان دەکەن

گەنجانی خورماتوو دەستیان داوەتە چەک و لەپاڵ پێشمەرگە شەڕ لەدژی میلیشیا شیعەکان دەکەن
دوای دەست پێکردنی شەڕەکەی خورماتووی نێوان حەشدی شەعبی و هێزەکانی پێشمەرگە، لەسەر شەهیدکردنی فەرماندەیەکی پێشمەرگە، ئێستا لیوای 16ی پێشمەرگە لە دژی میلیشیا شیعەکان لە شەڕێکی دەستەویەخە دایە.



بەهۆی ئەوەی لە درەنگانی شەوی شەممە 23\4\2016، چەکدارانی حەشدی شەعبی تەقینەوەیەکیان لە نزیک ماڵی فەرماندەیەکی پێشمەرگە ئەنجام دا، شەڕ لە نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی دروست بوو.


گەنجانی مەدەنیی خورماتوو، بۆ پارێزگاریکردن لە شارەکەیان، چەکیان هەڵگرتووە و شانبەشانی هێزی پێشمەرگە، بەرگریی لە کوردستانیبوونی شارەکەیان دەکەن.



بەهۆی ئەو شەڕە، کە تاوەکو ئێستا بەردەوامە، عەمید سیروان محەمەد عەبدوڵڵا، کە فەرماندەیەکی پێشمەرگەیە، شەهید بووە و چەند پێشمەرگەیەکیش بریندار بوون. بەپێی زانیارییەکان، ژمارەیەکی زۆری چەکدارانی حەشدی شەعبیش کوژراون و برینداربوون. جگە لەوەی بەهۆی شەڕەکەوە، مێردمنداڵێکی کورد بە گوللەی چەکدارانی میلیشیا شیعەکان، گیانی لەدەست داوە.



لەمبارەیەوە سەرچاوەیەکی پێشمەرگە لە خورماتوو ڕاگەیاند، تائێستا ئەو شەڕەی لە ئارا دایە، لە لایەن هێزەکانی سەر بە لیوای 16ی پێشمەرگەوە ئەنجام دەدرێت، داواش کراوە، هێزی زیاتری پێشمەرگە ڕەوانەی خورماتوو بکرێت. سەرچاوەکە گوتیشی: “چاوەڕێ دەکەین بەرپرسی میحوەری گەرمەسێری پێشمەرگە بە هێزێکی زۆرەوە، بگاتە خورماتوو”.



بەپێی زانیارییەکان، چەکدارانی حەشدی شەعبی لە ترسێکی زۆر دان و تائێستا بەشێکیان بەرەکانی شەڕیان جێهێشتووە و هەڵاتوون، پێشمەرگەش بە چەکی قورس و ورەیەکی بەرزەوە ڕووبەڕوویان بووەتەوە.







باسنیوز
Top