دوای باکوور هێزەکانی کوردستانی ڕۆژئاوا داوای دەستپێشخەری لە بارزانی دەکەن
د. کاوە ئازیز، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دموکراتیی کوردستان - سووریا (ئەلپارتی)، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “سیاسەتی پەیەدە، وای کردووە کە خەڵک لە کوردستانی ڕۆژئاوا بێ هیوا بن، چونکە ناکرێت بە فشاری وڵاتانی ئیقلیمی، پەیەدە فشار لەسەر خەڵک دروست بکات، ماوەی چەند ساڵە ئاگاداریان دەکەینەوە لەوەی
ڕێککەوتنی نهێنییان لەگەڵ حکوومەتی سووریا هەیە، بەڵام گوێیان پێ نەداین، ئەوەتا ئێستا ئەو ڕەوشە لە ڕۆژئاوا خولقاوە”. گوتیشی: "ئەم جارە داوا لە بارزانی دەکەینەوە کە دەستپێشخەری بکات بۆ دەربازبوونی کوردستانی ڕۆژئاوا لەو قەیرانە".
هەر لەمبارەیەوە عەبدولسەلام بەرواری، چاودێری سیاسی و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “بارزانی خاوەنی دەستپێشخەریی ئاشتییە لە تورکیا، لە کاتێکدا سیاسەتی هەڵەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) وای کردووە، نیوەی کوردستانی باکوور وێران بووە و وای کردووە دەنگ لە دژی پەکەکە بەرز ببێتەوە”. جەختیشی لەوە کردەوە: “هەندێک لە پارتە نزیکەکەکانی پەکەکە داوایان کردووە، چارەسەری و ئاشتی دەست پێبکاتەوە، قۆناغی چارەسەری و ئاشتیش بە دانوساندن و گفتوگۆ دەبێت، شەڕ هیچ لە بابەتەکان ناگۆڕێت”. ئەوەشی دووپات کردەوە کە ئێستا هەوڵێکی زۆر دەدرێت، بۆ ئەوەی بارزانی دووبارە دەستپێشخەری لە کوردستانی ڕۆژئاوا و کوردستانی باکوور بکات، بۆ ئەوەی ڕەوشی ئەو 2 پارچەیەی کوردستان بەرەو باشتر بگۆڕێت.
پێشتر ئەحمەد تورک، هاوسەرۆکی شارەوانیی مەزنی ماردین، ڕای گەیاندبوو: “گەلی کورد لە باکوور، چاوەڕوانی ئەوەن کە بارزانی وەک سەرۆکێکی کوردان، دەستپێشخەرییەک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و دەست پێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و کوردستانی باکوور بکات”.
