جێگری وەزیری دەرەوەی سویسرا: پێشمەرگە بەرگریكارێكی سەرسەختە لە دیموكراسی

جێگری وەزیری دەرەوەی سویسرا: پێشمەرگە بەرگریكارێكی سەرسەختە لە دیموكراسی
جێگری وەزیری دەرەوەی سویسرا، سەرسامیی خۆی نیشان دا بەو ئەمن و ئاساییشەی كە لە هەرێمی كوردستاندا بوونی هەیە و ڕایگەیاند، پێشمەرگە بەرگریكارێكی سەرسەختە لە دیموكراسی و ئەمنییەتی هەموو جیهان.

(نەوزاد هادی) پارێزگاری هەولێر، ئەمڕۆ پێشوازی لە (ئێڤیز رۆسیە) جێگری وەزیری دەرەوەی سویسرا كرد، لە بەسەركردنەوەیەكی بازاڕ و سەر قەڵای هەولێریشدا، سەرسامی خۆی نیشان دا بەو ئەمن و ئاساییشەی كە لە هەولێر بوونی هەیە، لە كاتێكدا هەرێمی كوردستان لە رووبەڕووبوونەوەی گەورەدایە لەگەڵ گەورەترین بەرەی تیرۆریستی جیهانی كە داعشە.

هەروەها ئەو پێكەوە ژیانەی پایتەختی بەرز نرخاند كە بووەتە هۆكاری دروستبوونی تابلۆیەكی جوان لە دیموكراسی و ئازادیی بیروڕا لەم شارەدا.

گوتیشی: "هەولێر جگە لەوەی بەرەنگاری ریكخراوی داعش بووەتەوە، بۆتە پەناگەیەكی ئارام بۆ گشت پێكهاتەكانی دیكەی عێراق كە هەڕەشەیان لەسەرە، كاتێك لە ئێستادا زیاتر لە ملیۆنێك و 500 هەزار ئاوارە و پەنابەر لەو شارەدا جێگایان بۆ كراوەتەوە".

(رۆسیە)، رۆڵی قارەمانانەی پێشمەرگەیشی بەرز نرخاند لە پێگەی گرینگیان لە جیهانی ئازاددا كە بەرگریكارێكی سەرسەختن لە دیموكراسی و ئەمنییەتی هەموو جیهان.






KDP

Top