وەزیری بەرگریی فەرەنسا: پشتگیری هێزە کوردییەکان دەکەین

وەزیری بەرگریی فەرەنسا: پشتگیری هێزە کوردییەکان دەکەین
وەزیری بەرگریی فەرەنسا رایگەیاند، سەرکەوتن بەسەر داعش نزیكە، هاوكارییەكانی بۆ هێزە كوردییەكان بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی تاوەكو كۆتایی ئەمساڵ موسڵ و رەققە لەژێر دەستی داعش دەربهێندرێن.

جان ئیڤ لۆدریان، وەزیری بەرگریی فەرەنسا بە رادیۆ ئینفۆی وڵاتەكەی گوتوە "ئێستا لە هەموو کات زیاتر ئەو بۆچوونەمان لادروستبووە، کە داعش لەنێودەچێت".

بۆ سەلماندنی قسەكەی، لۆدریان دەڵێت "لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2014ـەوە، كە داعش هەوڵی دا هێرش بكاتە سەر بەغدا، تاوەکو ئێستا لە هەموو کات زیاتر لاواز بووە، بەجۆرێك نزیکەی 30% بۆ 40% ئەو ناوچانەی کۆنترۆڵی کردبوو، لە دەستیداوە".

وەزیری بەرگریی فەرەنسا ئاماژەی بەوەشکرد، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پشتگیری ئاسمانی هێزە کوردییەکان و عێراق دەکات کە بەشداری شەڕی موسڵ دەکەن، ئامانجەكەش ئەوەیە تاوەكو كۆتایی ئەمساڵ موسڵ لە عێراق و رەققتە لە سووریا كۆنترۆڵ بكرێنەوە.

لۆدریان گوتی "پێویستمان بە ئیرادە هەیە، ئەمە یەکەمجارە من بەرامبەر بە شەڕی داعش بەم شێوەیەی ئێستا گەشبین بم".

رۆژی 11-4-2016 وەزیری بەرگریی فەرەنسا بە سەردانێك گەیشتە هەرێمی كوردستان و جگە لە كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سەردانی میحوەرەكانی پێشمەرگەی كرد لە بەرەكانی جەنگ.

وەزیری بەرگریی فەرەنسا پشتگیریی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان لە شەڕی دژی داعش دەربڕی و رایگەیاند، كاتێك سەردانی ناوچەكە دەكاتەوە، كە موسڵ كۆنترۆڵ كرابێت و بتوانێت بچێتە نێو شارەكە
Top