سەرۆک بارزانی: ئەرکی میدیاکارانی کوردستانە بە قەڵەمی خۆیان و ڕوحێکی پێشمەرگانەوە بەرگریی لە گەل و وڵاتەکەیان بکەن
دەقی پهیامی (سهرۆك بارزانی) بهبۆنهی 118ـمین ساڵیادی رۆژنامهگهری كوردی:
بهناوی خوای گهوره و میهرهبان
بهبۆنهی 118ـمین ساڵیادی دهرچوونی یهكهم رۆژنامهی كوردی (رۆژی رۆژنامهگهری كوردی) و هاوكات ههژدهمین ساڵیادی دامهزراندنی سهندیكای رۆژنامهنووسانی كوردستان، پیرۆزبایی له سهندیكای رۆژنامهنوسانی كوردستان و میدیاكار و رۆژنامهنووسانی كوردستان دهكهم.
ڕۆژنامەگەریی كوردی لە قۆناغە جیاجیاكانی خەباتی گەلەكەماندا لەدژی داگیركاری و دیكتاتۆری وەستاوەتەوە و بەشێک بووە لە بەرخودانی گەلەکەمان.
ئێستایش كە وڵاتەکەمان بە هەستیارترین قۆناخدا تێدەپەڕێت و لەبەردەم دەرفەت و بەرەنگاریی گەورەدایە، ئەرکی میدیاکارانی کوردستانە بە قەڵەمی خۆیان و ڕوحێکی پێشمەرگانەوە بەرگریی لە گەل و وڵاتەکەیان بکەن و ڕێگە نەدەن مێژووی شۆڕش و بەرخودانی گەلی کوردستان چەواشە بکرێت و هەوڵی ناحەزان بۆ بڵاوکردنەوەی بێ ئومێدی و بێ ئیرادەیی لەناو خەڵکی کوردستان، سەربگرێت.
هەروەها لە کاتێکدا پێشمهرگهی كوردستان لە سەنگەرەکانی بەرگرییدا بەو گیانفیداییە بێ وێنەیەوە بەرگریی لە خاک و گەلەکەمان دەکەن، تیرۆریستان بە سوود وەرگرتن لە تەکنۆلۆژیای زانیاری و هەموو جۆرەکانی میدیا، شەڕی دەروونی لەدژی خەڵكی كوردستان و پێشمەرگە دەكەن. پێشمەرگە و خەڵکی خۆڕاگری کورستانیش ئەو چاوەڕوانییەیان لە میدیاكارانی خۆشەویستی كوردستان هەیە كە لەبەرانبەر ئەم هەوڵەی تیرۆریستان بوەستنەوە و ببنە بەشێكی كاریگەر لە بەرەی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و هزری توندڕۆیی.
خۆشبەختانە لە ساڵانی ڕابردوودا بە کەڵک وەرگرتن لە پێشکەوتنە خێراکانی گەیاندنی زانیاری، ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەری لە کوردستانیش پێشکەوتنی باشی بەخۆیەوە بینی و كاری ڕۆژنامەگەری لە كوردستاندا هەنگاوی باشی ناوە بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە میدیا و ڕۆژنامەنووسی لە دۆخێكی زۆر باشدایە لەڕووی ئازادی و نەبوونی كوسپ و تەگەرە بۆ كاری ڕۆژنامەنووسی. بۆ گەلێک کە هێشتا لە قۆناخی بەرگریی و پاراستنی ناسنامەکەیدا بێت، ئەرکی یەکەمی میدیاکارانی ئەوەیە کە ڕۆڵیان هەبێ لە بەرزكردنەوەی هۆشیاریی نەتەوەیی و پێكەوەژیان و خۆشەویستیی نیشتیمان.
دووبارە پیرۆزبایی لە هەموو ڕۆژنامەنووسانی ئازیزی كوردستان دەكەم و هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازم.
مەسعوود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
22ـی4ـی2016
