پێداچونەوە بە لیستی پاشەکەوتی مووچەدا دەکرێت

 پێداچونەوە بە لیستی پاشەکەوتی مووچەدا دەکرێت
وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایدەگەیەنێت، بڕیارە هەفتەی داهاتوو لیژنەکانى ئەنجومەنى وەزیران بەمەبەستی پێداچونەوە بە خشتەى پاشەکەوتکردنى موچەى بەشێک لە فەرمانبەران وبڕیاردان لەسەر بچوککردنەوەی حکومەت کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدەن.

سەفین دزەیى، وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە دوارۆژی راگەیاندووە " هەفتەى داهاتوو لیژنەى باڵاى رووبەرووبوونەوەى قەیرانى دارایى کۆدەبێتەوە بەمەبەستى بڕیاردران لەسەر دووبارە پێداچوونەوە بە موچەى ئەو توێژانەى کە رێژەیەکى زۆر لە موچەکەیان پاشەکەوتکراوە و "برێک لە پاشەکەوتکردنەکەیان بۆ دەگەڕێندرێتەوە".

هاوکات باسی لەوەشکردووە " لە ئێستادا هەرێمى کوردستان مانگانە لە رێگاى نەوتەوە بڕى 450 ملیار دینارى دەستدەکەوێت، بەڵام لەگەڵ بەرزبوونەوەى نرخى نەوت حکومەت دەستدەکات بە هەرچى زووتر پێداچوونەوە بە پاشەکەوتکردنى موچەى فەرمانبەران".

دزەیی ئاماژەی بەوەشداوە " هەفتەى داهاتوو لیژنەکانى ئەنجوومەنى وەزیران کە تایبەتن بە چاکسازى کۆدەبنەوە بەمەبەستى بڕیاردان لەسەر بچووکردنەوەى هەیکەلى وەزارەتەکان".

وتەبێژى حکومەتی هەرێم، ئەوەشی خستۆتەروو " رەشنووسى بچوکردنەوەى حکومەت و کەمکردنەوەى وەزارەتەکان لەلایەن ئەنجوومەنى وەزیرانەوە ئامادەیە، بەڵام پێویستى بە پەسەندکردن هەیە لەلایەن پەرلەمانەوە".

هاوکات ناوبراو وتویەتی، پێداچونەوە بە مووچەی خانەنشینانی بەشێک لە فەرمانبەراندا دەکرێت بەهۆی ئەوەی بەشێکیان بە نایاسایی ئەو مووچەیە وەردەگرن و شایستەی نین.
Top