وادەی دابەشکردنی مووچەی مانگی 3ی ئەو وەزارەتانە ڕاگەیاندرا کە تائێستا مووچەیان پێ نەدراوە
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە گەنجینەی ھەرێمی کوردستان کە سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: لیستی مووچەی زۆربەی ئەو وەزارەت و فەرمانگانە وردبینی تێدا کراوە کە تا ئێستا مووچەی مانگی ئاداریان وەرنەگرتووە. گوتیشی: ”هەفتەی داهاتوو چەکی مووچەکانیان پێ دەدرێت و مووچەکانیان دابەش دەکرێت“.
ئەوەشی ڕوون کردەوە، ھەفتەی داھاتوو وەزارەتی دارایی، بە خشتەیەک دابەشکردنی مووچەی ئەو وەزارەت و دامەزراوانەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕادەگەیەنێت کە مووچەیان پێ نەدراوە.
لەمبارەیەوە عوسمان ساڵح، بەڕێوەبەری گەنجینەی ھەرێمی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، لە ھەفتەی داھاتوودا بەردەوام دەبن لە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و چاوەڕوانی بڕیاری وەزارەتی دارایی دەکەن، بۆ پێدانی چەکی مووچە بە فەرمانگەکان.
تاوەکو ئێستا، ھەریەک لە وەزارەتەکانی (پێشمەرگە، ئاسایش، پەروەردە، تەندرووستی، دارایی و ئابووری، کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان، سامانە سرووشتییەکان و پلاندانان)، لەگەڵ (دەزگای مین، دیوانی چاودێریی دارایی، دەستەی مافی مرۆڤ، دەستەی ژینگە، دەستەی دەسپاکی، دەستەی وەبەرھێنان، دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان)، مووچەی مانگی ئاداریان وەرگرتووە.
