داعش دیسان بە چەکی کیمیایی پەلاماری ھێزی پێشمەرگەی دا

 داعش دیسان بە چەکی کیمیایی پەلاماری ھێزی پێشمەرگەی دا
فەرماندەیەکی ھێزی پێشمەرگە لە میحوەری شنگال ئاشکرای کرد، ڕێکخراوی تیرۆریستانی داعش دیسان بە چەکی کیمیایی لە ھێزی پێشمەرگەی دا.

(قاسم دربۆ) فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە میحوەری شنگال بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕێکخراوە تیرۆریستییەکەی داعش گورزی کوشندەی لە پیشمەرگە خواردووە و زۆر لاواز بووە و، وەک جاران ھێرشی پێ ناکرێ؛ بەڵام لە دوورەوە بە چلچل (کاتیۆشا) پەلاماری ھێزی پێشمەرگە دەدات؛ ماوەیەکیشە فێری چەکی کیمیایی بوونە و، دەست لە هیچ خراپەیەک ناپارێزن."

(قاسم دربۆ) گوتیشی، داعش لە ناوچەی دۆمیز چەند گوللە چلچلێکی کیمیاییداری پڕ لە گازی کلۆریان گرتە هێزی پێشمەرگە؛ کۆمەڵە پێشمەرگەیەک بریندار بوونە و، ڕەوانەی نەخۆشخانە کران و، چارەسەری پێویستیان بۆ کرا؛ نۆ پێشمەرگە لە فەوجی برایەکەی خۆم و دوو پێشمەرگەی ھێزی تایبەت و، کۆمەڵە پێشمەرگەیەکی فەوجی یەک و دووی کوردانی ئێزدییش بەو کیمیاییبارانە حاڵیان تێک چووە.

ئەوەشی خستە ڕوو، تاوەکو ئێستا تیرۆریستانی داعش چوار جار بە چەکی کیمیایی پەلاماری ھێزی پێشمەرگەیان داوە.
Top