وەزیری بەرگریی فەرەنسا: هاتووم تا پشتگیریی فەرەنسا بۆ پێشمەرگە دووپات بکەمەوە
بەپێی راگەیاندراوێکی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، لەمیانی پێشازیکردنی لە ژان ئیڤ لۆدریان، وەزیری بەرگریی فەرەنسا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی حکوومەت و گەلی کوردستانی بۆ حکوومەت و سەرۆکی فەرەنسا ناردووە، بۆ هاوکارییەکانی ئەو وڵاتە بۆ کوردستان.
ژان ئیڤ لۆدریان خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانەکەی بۆ کوردستان دەربڕیوە و رایگەیاندووە، ”ھاتووم تاکو پشتگیریی فەرەنسا بۆ ھەرێمی کوردستان و پێشمەرگە دووپات بکەمەوە“.
وەزیری بەرگریی فەرەنسا وێڕای ستایشکردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، کە لە بری هەموو جیهان شەڕی رێکخراوی توندڕەوی داعش دەکات، رایگەیاندووە، ”دیسان مانگی حوزەیرانی داھاتوو ھاوکاریی سەربازیی فەرەنسی دەگاتە پێشمەرگە“ و ئەو شەڕەی بە شەڕی فەرەنساش زانیوە و پێیوایە فەرەنسا و کوردستان لە یەک بەرەدان و دوژمنێکی هاوبەشیان هەیە.
نێچیرڤان بارزانی و ژان ئیڤ لۆدریان جەختیان لەسەرگرنگیی شەڕی رزگارکردنەوەی مووسڵ کردووەتەوە، کە لە مانگی حوزەیرانی 2014ـەوە دوای شکستی سوپای عێراق، لەلایەن چەکدارانی داعشەوە داگیرکراوە و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، ”ئازادکرنی مووسل بۆ ھەرێمی کوردستان زۆر گرنگە“.
نێچیرڤان بارزانی داوای لە وەزیری بەرگریی فەرەنسا کردووە، وڵاتەکەی هەوڵ بدات بەغدا ناچار بکات بەشی کوردستان و پێشمەرگە لە هاوکارییە سەربازییە نێودەوڵەتییەکان بۆ عێراق لە شەڕی دژی داعش بدات و وەزیری بەرگریی فەرەنساش بەڵێنی داوە ئەم داوایە بگەیەنێتە سەرۆکی وڵاتەکەی و لایەنە پەیوەندارە نێودەوڵەتییەکان.
باسنیوز
