فرۆكەكانی هاوپەیمانان 41 گورزی ئاسمانی له داعش دەدەن لە سوریا و عێراق
بەپێی راگەیەندراوێکی کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، لە ماوەی 19ـی ئاداری 2016 تاوەکو 25ـی ئادار، فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان 111 جار هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر بنکە و بارەگاکانی داعش لە کوردستانی باشوور و عێراق.
هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە لەو ماوە دیاریکراوەکدا، فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان 28 هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر بنکە و بارەگاکانی داعش لە کوردستانی رۆژئاوا و سوریا.
هەروەک کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان/ هەولێر ژمارەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئاشکرا کردووە، لە کوردستانی باشوور لە ناوچەکانی پارێزگای کەرکووک، گوندی سوڵتان عەبدوڵڵا، شارەدێی کەسک، شاری تەلەعفەر و شاری شنگال 35 جار بنکەکانی داعش بۆردومان کراون.
هەروەها فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان لە کوردستانی رۆژئاوا شەش هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر بارەگاکانی داعش لە کۆبانێ، عەین عیسا و ناوچەیەکی سەر سنووریی نێوان کوردستانی باشوور و رۆژئاوا.
دوای هێرشی داعش بۆ سەر کوردستانی باشوور لە مانگی حوزەیرانی 2014، ژمارەیەک وڵاتی ئەوروپی بە سەرکردایەتیی ئەمریکا هاوپەیمانییەکیان پێکهێنا، کە ئەرکیان بۆردومان کردنی بنکە و بارەگاکانی داعشە لە کوردستانی باشوور و رۆژئاوا و سوریا و عێراق لە رێی فڕۆکە جەنگییەکانەوە.
باسنیوز
