نێچیرڤان بارزانی سوپاسی هاوكارییەكانی مانگی سووری ئیماراتی دەكات
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ 3 - 4 - 2016 (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی نیازپاكیی نەتەوە یەكگرتووەكان هونەرمەندی ناوداری عەرەبی ئیماراتی (حسێن ئەلجەسمی) كرد كە بە مەبەستی كردنەوەی چەند پرۆژەیەكی خێرخوازیی مانگی سووری ئیماراتی سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە.
لە دیدارەكەدا كە كونسوڵی گشتیی ئیمارات لە هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك لە بەرپرسانی مانگی سووری ئیماراتی ئامادەی بوون، (ئەلجەسمی) خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و سەرسامیی خۆیشی بۆ میواندۆستیی خەڵك و پێشكەوتوویی هەرێمی كوردستان پیشان دا. ئەوەشی ئاشكرا كرد مەبەستیانە لە سەردانەكەیاندا پەیامی هەرێمی كوردستان بگەیەننە جیهان و پەیامی ئیماراتیش بگەیەننە هەرێمی كوردستان كە ئامادەیە بۆ هاوكاری و یارمەتیدانی ئاوارە و پەنابەران و سووككردنی ئەو بارە قورسەی كە بەو هۆیەوە كەوتۆتە سەر شانی هەرێمی كوردستان.
هەروەها باسی لە بەشداریی خۆیان لە كردنەوەی چەند پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاریی مانگی سووری ئیماراتی لە هەرێمی كوردستان كرد كە بۆ خزمەت و هاوكاریی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستان ئەنجامیان داون وەك كردنەوەی كەمپێك كە لە 632 یەكەی نیشتەجێبوون پێكدێت بە تەواوی پێداویستی و خزمەتگوزارییەكانیەوە وەك قوتابخانە، مزگەوت، ئاو و كارەبا، پاركێكی یاری منداڵان و یەكەیەكی بەڕێوەبەری كە دەبێتە سەنتەرێكی فریاگوزاری بۆ ئاوارە و پەنابەران لە سنووری پارێزگای هەولێر و كردنەوەی نەخۆشخانەیەكی 58 قەرەوێڵەیی منداڵان و لەدایكبوون و دانانی بەردی بناغەی نەخۆشخانەیەكی تایبەتی تا.
لای خۆیەوە سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی بەڕێزیان پیشان دا و سوپاسی كار و چالاكییە خێرخوازی و مرۆڤییەكانی بەڕێزیانی كرد و هیوای سەركەوتنی لە كارەكانیدا بۆ خواست. هەروەك سوپاسی حكوومەت و سەركردایەتی وڵاتی ئیمارات و مانگی سووری ئیماراتی كرد بۆ ئەو خزمەتگوزارییە مرۆییانەی كە لە هەرێمی كوردستان و وڵاتانی ناوچەكە و تەواوی جیهان پێشكەش بە لێقەوماوان دەكەن.
هەروەها هیوای خواست كە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئیمارات لە هەموو بوارەكاندا بەرەوپێشەوە بچێت و سوپاسی ڕۆڵی كونسول و كونسوڵخانەی گشتیی ئیماراتی لە هەرێمی كوردستان كرد بۆ كاركردن لەسەر گەیاندنی كۆمەك و هاوكاری بە ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستان و هەوڵدانی بەردەوامیان بۆ برەودان بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئیمارات.
لە كۆتایی دیدارەكەدا سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان نامەیەكی سوپاس و پێزانینی پێشكەش بە (ئەلجەسمی) كرد.
