بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆی دھۆک پلانی بۆ ڕۆژانی جەژنی نەورۆز راگەیاند
رائید ئازاد تاھا، وتەبێژی پۆلیسی ھاتوچۆ لە پارێزگای دھۆک راگەیاند: "پۆلیسی ھاتوچۆ لە سەنتەری پارێزگای دھۆک و قەزا و ناحیەکان لە رۆژانی جەژنی نەورۆز لە ئامادەباشیدا دەبن، ھۆبەکانی لێکۆڵینەوەش کراوەدەبن ".
وتیشی: "بۆ رۆژانی جەژن کامێراکانی پۆلیسی هاتوچۆ لەسەر شەقامەکان دەبن و ھەر ئۆتۆمبێڵێک لەلایەن پۆلیسی ھاتوچۆوە بگیرێت تا دوای جەژن شۆفێرەکەی ناتوانێت وەریبگرێتەوە".
بەوتەی ئەو رائیدە: "ھەر شەقامێک لەلایەن پۆلیسەوە ھاتوچۆی تێدا قەدەغەبکرێت، دەبێت شۆفێران پابەندبن پێیەوە، پۆلیسی ھاتوچۆش لە شوێنی گەشتیاراندا ئامادە دەبن لەو رۆژەدا ".
وتەبێژی ھاتوچۆ لە پارێزگای دھۆک، ئەوەشی خستەڕوو: "هاوڵاتیان دەتوانن لەبوونی هەر پێویستییەک و کێشەیەکدا پەیوەندی بکەن بە ژمارە تەلەفۆنی (118)، کارمەندەکانمان لە ئامادەباشیدان و دەچن بە هانای هاوڵاتیانەوە".
وتەبێژی ھاتوچۆ لە پارێزگای دھۆک، داوای لە ھاوڵاتیان و شۆفێران کرد لە رۆژانی جەژنی نەورۆزدا پابەندی رێنماییەکانی ھاتوچۆبن بۆ ئەوەی سەیران و ئاھەنگەکانیان بەخۆشی تێپەڕێنن ".
