ئەمریكا بەپێی بەرژەوەندی خۆی بڕیار دەدات، مەرج نییە هەموو كاتێك وەك سعودیە و ئیسڕائیل بیربكاتەوە
ستیفن بیدڵ هەروەها گوتی: پەیوەندییەكانی ئەمریكا لەگەڵ هاوپەیمانەكانی بەتایبەتی سعودیە و ئیسرائیل هەندێ جار ساردوسڕییان تێدەكەوێت و هەندێ جار پەیوەندیگەلێكی گەرم و گوڕ دەبن، واتە بە تێپەڕبوونی كات دەگۆڕێت، بەڵام هاوپەیمانێتییەكە بەردەوام دەبێت، ئەمەش بە مانای ئەوە نایەت هەرگیز گرژی ناكەوێتە پەیوەندییەكانەوە. دوای گرتنەدەستی ئیدارەی ئەمریكا لەلایەن ئۆباماوە پەیوەندییەكانی ئیسڕائیل و ئەمریكا تەواو گرژ بوون، كە پەیوەستن بە چەند هۆكارێكەوە و هەموویان لە بەرنامە ئەتۆمیەكەی ئێراندا كورت نابنەوە، بەڵكو گرژی لە پەیوەندی بە كردەوەكانی ئیسڕائیل لە بواری دروستكردنی یەكەكانی نیشتەجێكردن بۆ جوولەكەكان و گرژی لە پەیوەندی بە پشتیوانیی ئیسڕائیل بۆ گفتوگۆكان، كەواتە چەند هۆكارێك هەن بۆ ئەوەی ئەمریكا و ئیسڕائیل تەبا نەبن لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی دواییدا. ئیسڕائیل دەیەوێت ئەمریكا زۆر پێداگیر بێت لەسەر كەمكردنەوەی ئەگەرەكانی بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە بۆ نزمترین ئاست، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە كە ئەمریكا هەر كارێك بكات دەبێت ئەوە بێت كە ئەوان دەیانەوێت. ئەمریكا شوێن بەرژەوەندییە نەتەوەییەكانی خۆی دەكەوێت، كە هەمیشە ئەو بەرژەوەندییانەش لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی ئیسڕائیل یەك ناگرنەوە.
شايانى باسه بیدڵ هەروەها گوتی: مەرج نییە هەمیشە ئەمریكا ئەو كارانە بكات كە هاوپەیمانەكانی داوای لێدەكەن، ئەمریكا شوێن بەرژەوەندی خۆی دەكەوێت كە زۆرجار -بەڵام هەمیشە نا- لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی هاوپەیمانەكانمان یەك دەگرنەوە، بەڵام لەم كەیسەدا بەتایبەتی ئیسڕائیل و سعودیە دەیانەوێت ئەمریكا ئەركە قورسەكە ئەنجام بدات و لە بری ئیسڕائیل و لە بری سعودیە رێگری لە ئێران بكات، بۆ ئەوەی چەكی ئەتۆمی بەدەست نەهێنێت، واتە دەیانەوێت ئەمریكا هەموو مەترسییەكە هەڵبگرێت و خۆشیان هەموو قازانجەكە بچننەوە. مەرج نییە ئەمریكا ئەو كارانە بكات كە ئەوان دەیانەوێت بیكات لەو رووەوە. گرنگە جەخت لەسەر ئەوە بكەینەوە كە هیچ یەكێك لەم لایەنانە نایانەوێت ئێران ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی، ئیدارەی ئەمریكا باوەڕی وایە ئەم رێككەوتنە دەبێتە هۆی رێگریكردن لە ئێران بۆ ئەوەی نەبێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی، لە كاتێكدا ئیسڕائیل و سعودیە دەیانەوێت رێككەوتنێكی سەختتر بكرێت، بۆ ئەوەی ئێران ملكەچ بكەن، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە ئیدارەی ئەمریكا هەستێكی بەهێزی هەیە كە ئەم رێككەوتنە رێگری لە ئێران دەكات لەوەی چەكی ئەتۆمی بەدەست بێنێت، ئەگەر ئەمەش راست بێت، ئەوا هەم ئامانجی ئیسڕائیل و هەم ئامانجی سعودیە و هەروەها ئامانجی ئەمریكاش بەدی دێت.
لە كۆتایی قسەكانیدا ستیفن گوتی: گرنگترین شت بۆ ئەمریكا و بۆ كوردستان ئەوەیە چۆن بەرامبەر داعش رادەوەستن و چۆن ئەو مەترسییانە ناهێڵن كە داعش لەو ناوچانەی كۆنتڕۆڵی كردوون، ئێستا دروستی كردوون، ئەمە گرنگترە بۆ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان، بۆ ئەمریكا و كورد و عەرەبە عێراقییەكانیش، ئیدی كوردستان سەربەخۆ بێت، یان نا. ئەگەر كوردستانی سەربەخۆ یارمەتیدەر بێت لە برەودان بە ئەجێندا سەرەكییەكە كە بریتیە لە تێكشكاندنی داعش و لە ناوبردنی هەڕەشەی تیرۆریستی لەسەر كورد و عەرەب و ئەمریكا و ئەوانی دیكە، ئەوا من پشتیوانی لێدەكەم و پشتیوانی هەر شتێك دەكەم كە ببێتەهۆی هێنانەدی ئامانجە گەورەكە، ئەگەر ئەمە بەوە بكرێت كە كوردستان پتر بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو هەڵبگرێت، ئەوا هیچ گرفتێك نییە لەمەدا و ئەگەر بەوە بكرێت كوردستان پتر لە سەربەخۆیی دووربخرێتەوە، ئەوا با ئەمە بگیرێتەبەر. وای دەبینم لە ئێستادا شەڕەكە و چارەسەركردنی شەڕەكە بە شێوەیەكی سەركەوتووانە ئەولەوییەتی هەموو لایەكە.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1021)
