راگەیاندنی کۆتایی کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی
ئەمەش دەقی راگەیەنراوەکەیە:
کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان
١٢ی نیسانی ٢٠١٥
بەسەرپەرشتی جەنابی سەرۆک مسعود بارزانی، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتیمان، پارتی دیموکراتی کوردستان لە رێکەوتی ١٢/٤/٢٠١٤ کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجامدا و سەبارەت بەم بابەت و تەوەرانەی خوارەوە گفتوگۆی کرد و بڕیاری پێویستی لەبارەیانەوەدا:
یەکەم: بارودۆخی عێراق، دوای ھێرشی داعش بۆسەر چەندین شار و شارۆچکەی عێراق و کوردستان و داگیرکردنیان، گۆڕانکاری بەرچاو لەپەیوەندییەکانی حزب و لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە پرۆسەی سیاسی ناوخۆی عێراق رویدا، ھەروەکو پەیوەندی و ھاوپەیمانیەتی نوێ لەسەرئاستی جیھان بەگشتی و عێراق و ناوچەکە بەتایبەتی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی نەتەوەیی و ئاینی و مەزھەبی ھاوبەش ھاتنە ئاراوە، ھەروەھا لەسەر بنەمای بەرژەوەندی سیاسی ھەروەکو ھاوپەیمانیەتی لە روانگەی باوەڕبوون بەدامەزراندنی سیستمی دیموکراسیشەوە لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست کە لەئاکامدا ھێزی نوێ لەھاوکێشە سیاسییەکاندا بەدەرکەوتن، کوردستانیش بەدەرنەبوو لە کاریگەری بارودۆخی نوێی عێراق و ناوچەکە و جیھان، وەکو ھێزێکی سیاسی و ئابوری و عەسکەری کاریگەر و خاوەن رۆڵی یەکلاکەرەوەی بەشێکی کێشەکانی گۆڕەپانی سیاسی و عەسکەری لەئاستی جیھان و ناوچەکە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ.
خەڵکی کوردستان چاوەڕوانبوون دوای گۆڕانکارییەکانی ساڵی ٢٠٠٣ عێراق و ناوچەکە بەئاراستەی سود وەرگرتن لەھەڵە و گرفتەکانی پێشوو، ھەموو لایەنەکان ھەنگاوی جدی بھاوێژن بۆ دووبارە نەبوونەوەی ھەڵە و کەموکوڕیەکان و، ئارامی وتەبایی باڵ بەسەر ناوچەکەدا بکێشێ، بەڵام بەداخەوە ھەڵەی کوشندە و کاریگەر لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە روویدا و، ھەروەکو خوێندنەوەی ناواقعیانەی جیھانی دەرەوەش بۆ چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشەکان و پشتگیری ئاڵوگۆڕیە جیاجیاکان چاوەڕوانی خەڵکی کوردستانی نەک نەھێنایە دی، بەڵکو گرفتی گەورەشیان بۆ دروستبوو، ھەرچەندە گەلی کوردستان خوڕاگرانە وەکو ھەمیشە بەرامبەر پڕۆژە و پیلانە چەپەڵەکانی دوژمنان و ناحەزان وەستاوەتەوە و خەونەکانیان لەگۆڕ دەنێ.
دووەم: بارودۆخی کوردستان و شەڕی داسەپاو، وەکو چەندین جاری دیکە ئەمجارەش ئەوانەی چاویان بەپێشکەوتن و سەرکەوتنە سیاسی و ئابوری و دیبلۆماسییەکانی کوردستانیان ھەڵنایەت، شەڕیکی نابەرامبەریان بەسەر کوردستاندا سەپاند و بەم ھۆیەشەوە ژمارەیەکی زۆر پێشمەرگە و رۆڵەی نیشتمانەکەمان شەھیدبوون و بوونە قوربانی نەتەوە و نیشتمانەکەیان، ئەمڕۆ ئازایەتی و خۆڕاگری پێشمەرگەی کوردستان بووەتە وێردی سەرزوبانی جیھانیان و ئێستا ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و دامودەزگا ئەمنییەکان بەرگری لە مرۆڤایەتی دەکەن و تاکە ھێزێکە کە بەوپەڕی ورە بەرزیەوە داعشی بەزاندوە و بەرەو دواوەگەڕاندەوە، رۆژلەدوای رۆژ _بەسوپاسەوە_ بەھاوکاری ھێزی ئاسمانییەکانی ھاوپەیمانان، زۆربەی ھەرە زۆری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمیان لە گەرمیان تا چیای شنگال، لە دوژمنانی مرۆڤایەتی رزگارکردووە. ئازایەتی و خۆڕاگری پێشمەرگە و رۆڵەکانی گەلەکەمان لە خانەقین تا شنگال وکۆبانێ ترسی خستۆتە ناودڵ و دەروونی پیلانگێڕان. سڵاو لە گیانی پاکی سەرجەم شەھیدان و لەخوای گەرورە داواکارین بریندارەکانمان شیفابدات.
سێیەم: پەیوەندی ھەرێم و حکومەتی فیدراڵ، دوای ئەو ئاڵۆزیەی لە پەیوەندییەکان دروستبوون لە ئاکامی خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات لەلایەن بەشێک لەدەسەڵاتدارانی بەغدا و بڕینی موچە و بودجەی کوردستان، گوشارێکی زۆر کەوتە سەر بژێوی و ژیانی سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستانی و کاریگەری کردە سەرتەواوی بەرنامە و پڕۆژەکانی حکومەت و کەرتی تایبەت، بەڵام جەماوەری کوردستان خۆڕاگرانە بەرەنگاری ئەم ھەنگاوە نابەجێیانەی حکومەتی بەغدا بۆوە، ئەم خۆڕاگری و ھاوکارییە ھەمەلایەنەی خەڵکی کوردستان بەھەموو پێکھاتەکانیەوە، شایەنی سوپاس و پێزانینی زۆرە.
ھەروەکو پشتگیری لەھەنگاوەکانی حکومەتی ھەرێم دەکەین بۆ دەربازبوون لەو قەیرانەی بەرەوڕووی ھەرێم بۆتەوە، بەتایبەتی رێککەوتنی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، ئومێددەکەین رێککەوتنەکە بەباشی جێبەجێبکرێت. ھەروەھا کۆبوونەوە رووڵی حەشدی شەعبدی ھەڵسەنگاند و، پارتیمان ئەو ھێزە بەھاوکارێکی باشی سوپای عێراقی دەزانێ و لەئازادکردنی ناوچەکانیان پێویستن، بەڵام سەبارەت بە ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم کە پێشمەرگە ئازادی کردوون و دەیانپارێزێت، بەپێویست نازانرێ و، ھێزی خۆڕاگری پێشمەرگەی کوردستان نەیھێشتووە ھیچ بۆشاییەکی عەسکەری و ئەمنی دروستببێت.
چوارەم: بارودۆخی ناوخۆی پارتیمان، لەگەڵ ھاتنی داعش و پەلاماردانی کوردستان، تەواوی ئەندام و کادیران و سەرکردایەتی پارتیمان خۆبەخشانە روویان لەبەرەکانی شەڕ کردوو بوونە ھاوکاروپاڵپشتی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و دەزگا ئەمنیەکان و ژمارەیەکیشیان شەھید و برینداربوون، جێی خۆیەتی ئەم ھەڵوێستەی ھەڤاڵانمان بەرزبنرخێنین، ھەروەکو لەو رەوشە نالەبارەی دارایی کە تەواوی خەڵکی کوردستان توشی بووە کاریگەری راستەوخۆشی کردۆتە سەر ھەڤاڵانمان و ئۆرگانەکانمان، کە بەخۆڕاگری و ھەست بەبەرپرسیاریەتی رەفتاریان کردووە و واقعی ئێستای کوردستانیان وەکوھەیە خوێندۆتەوە و لەبەرچاویان گرتووە و بەردەوام لەھەوڵی پاراستنی یەکڕیزی و تەبایدان کە لەئاکامدا ئاشتی کۆمەڵایەتی دەپارێزێ، بۆیە لەو رووەوە سوپاس دەکرێن.
ئەمانە و پرسی دەستور و سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان وەکو پرسی ھەموو گەلی کوردستان گفتوگۆیان لەسەر کرا لەگەڵ چەند بابەتێکی دیکەی ناوخۆیی تاوتوێکران و بڕیاری پێویستیان لەبارەوە درا.
بژی کورد بژی کوردستان..
ئەنجوومەنی سەرکردایەتی
پارتی دیموکراتی کوردستان
١٢ی نیسانی ٢٠١٥
