لە توركیاوە پاره گەیشتە هەرێمی كوردستان
ئەمڕۆ یەكشەممە 2015-04-12، بڕی 500 ملیۆن دۆلار كە پێشتر لە لایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە وەك قەرز لە توركیا وەرگیراوە، گەیشتووەتە هەرێمی كوردستان. پێشتر پارەكە خرابووە سەر حیسابی بانكیی هەرێمی كوردستان و ئەمڕۆ گەیشتووەتە هەولێر.
لەمبارەیەوە عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان كە سەردانی وەزیری داراییی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كردووە، ڕایگەیاند، 500 ملیۆن دۆلارەكەی توركیا، ئەمڕۆ گەیشتووەتە هەرێمی كوردستان.
بەهۆی قەیرانی دارایی، دوای سەردانی شاندێكی باڵای هەرێمی كوردستان بۆ توركیا، حكوومەتی ئەو وڵاتە بڕیاری دا، 500 ملیۆن دۆلار وەك قەرزی درێژخایەن بە هەرێمی كوردستان بدات.
چاوەڕوان دەكرێت، ئەو بڕە پارەیە بە مەبەستی دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كە زیاتر لە 800 ملیار دیناری عێراقییە، خەرج بكرێت. لە كاتێكدا ئێستا فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان مووچەی مانگەكانی (2 و 3)یان وەرنەگرتووە.
