ئۆباما دەرگای جەنگێکی دی بۆ ئەمەریکا دەخاتە سەر پشت؟ رێگەچارە پڕچەککردنی پێشمەرگەیە
وشەی جەنگ دڵی ئەمەریکاییەکانی تاساندووە؛ بەڵام هەڕەشە شتێکی دیکەیە کە ئەمەریکاییەکان حەزی لێ ناکەن و دەیانەوێ لەو شوێنەی هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانیان هەیە، لەوێوە سەربازانیان بچن و یەکڕاست ئەو شوێنە تەخت بکەن. بەڵام لەئێستادا لە جیۆگرافیا و ئایدۆلۆژیایێکی جووداوە هەڕەشە لە ئەمەریکا دەکرێت، ئەویش هەڕەشەی دەوڵەتی ڕیکخراوی تیرۆریستی داعشە کە لە سووریا و عێراقدا هەن و، بوونەتە هەڕەشەیەکی گشتگیر بۆ رۆژهەڵاتی ناوین و ئەمەریکا و تێکڕای ئەو وڵاتانەی جیهان، کە خۆیان بە دژی لەنێوبردنی تیرۆر ناساندووە.
داعش ئێستا لە خاکێکە (عێراق) کە ئەمەریکا بە سەدان ملیار دۆلاری لێ خەرج کردووە، لیرە دوو رێگای سەرەکی لەبەردەم ئەمەریکادا هەن، یان هێرشی سەربازی و کردنەوەی دەرگای جەنگ بە ڕووی ئەمەریکاییەکان، یان وەک سیناتۆرەکانی ئەمەریکا دەیڵێن (تید کرۆس و گرووپەکەی جۆن مەککەین) پڕچەککردنی تەواوی هێزی پێشمەرگە بۆ لەنێوبردنی تیرۆر، هەڵبەت لەبارەی هەردوو رێگەیشەوە هێشتا کۆنگرێس بڕیاری نەداوە.
ئەمەریکا لە جەنگی عێراقدا زیاتر لە ١٠٠ هەزار سەرباز بەشدارییان لە ڕووخانی ڕژێمی پێشووی ئەو وڵاتەدا کرد، بەڵام لە ٢٠١١ گشت سەربازانی لە عێراق کشاندنەوە و لەم هەنگاوەیشدا دوو بۆچوونی جیاواز لە ئەمەریکا دەرکەوتن؛ یەکەم: کارێکی جیددی بوو بۆ ئەوەی پاڵەوانانی جەنگی عێراق (سوپای ئەمەریکا) پشوو بدەن.
دووەم: کارێکی خراپ بوو، چونکە نفوزی ئەمەریکایی لە عێراق لاواز کرد (سی ئای ئای ئەمەریکا، کشانەوەی سوپای وڵاتەکەی لە عێراق بە شکستێکی سیاسی ناو بردووە).
لە ئێستادا بۆچوونێکی دی بەتایبەت ئەمڕۆ هەینی مێدیای ئەمەریکای بەخۆییەوە سەرقاڵ کردووە کە، ئاخۆ (باراک ئۆبما) دەرگای جەنگێکی دی بۆ ئەمەریکا دەخاتە سەر پشت؟. هەروا مێدیاکان دەڵێن، (ئۆباما) وەک چۆن لە رابردوودا بڕیاری لێدانی داعشی دەرکرد و لە ئیستادا زیاتر لە ٦٠ وڵات پێکەوە لە دژی داعش هاوپەیمانێتییان هەیە؛ بەڵام تیرۆریستانیش زیاتر لە ٦٠ وڵاتەوە لە جیهان خەڵکێکی توندڕۆ پێوەندی پێوە دەکەن و دەبنە داعش.
میدیاکان دەڵێن، (ئۆباما) نامەیەکی دیکەی بۆ کۆنگرێس ناردووە و داوای لێکردوون مۆڵەتی بەشداریی سەربازی ئەمەریکا پەسەند بکەن و، بەڵێنیشی داوە کە جەنگەکە وەک عێراق درێژخایەن نابێت، بەڵکە کورتخایەن دەبێت و تەنیا لە کاتی پاککردنەوەی مۆڵگەکانی داعش، گشت سەربازان دەگەڕێننەوە بۆ ئەمەریکا.
بۆچی (ئۆباما) دەیەوێ بە رێگەی سەربازی بەشداری لە جەنگی دژ بە داعشدا بکات؟ چونکە (ئۆباما) ئەو راپۆرتەی بە دەست گەیشتووە کە بەگوێرەی زانیارییەکانی ناوەندی داتای سەربازیی هاوپەیمانان لە ئەمەریکا هاتووە، تا ئێستا فڕۆکە جەنگییەکان ٢ هەزار هێرشی ئاسمانییان بۆسەر داعش ئەنجام داون، بەڵام تەنیا ٦ هەزار داعش کوژراون، ئەمەیش بە گوێرەی ئەو راپۆرتە هەواڵیانەی کە باس لە ژمارەی جێگیری کوژراوانی داعش دەکەن، هیچ گورزێکی وا گەورەیان لە داعش نەوەشاندووە. هەربۆیە (ئۆباما) بیانووی هەیە کە دەبێ بە رێگەی سەربازی، داعش لەنێو بەرێت.
ئەوەی کە دڵی (ئۆباما)ـی لەو جەنگە خۆش کردووە، سەرکەوتنەکانی هێزی پێشمەرگەیە کە بەردەوامن لە وەدەرنانی داعش و پێشووتریش ماڵپەڕێکی ئەمەریکایی دوو وانەی بۆ (ئۆباما) شیی کردبووەوە کە، ئەگەر بیەوێ بەسەر داعشدا سەرکەوێت، با چاو لە هێزی پێشمەرگە بکات کە لەسەر زەوی لە رووبەڕووبوونەوەی مەیدانیدا توانیویەتی داعش تێکبشکێنێت.
*لە شیکردنەوەی ئەو ریپۆرتەدا سوود لە ماڵپەڕی Chicagotribune وەرگیراوە.
