دەست بە دابەشكردنی خۆراكی مانگانە دەکرێتەوە
نەوزاد سابیر بەرێوەبەری دابەشكردنی كەلوپەلی خۆراك لە وەزارەتی بازرگانی هەرێمی كوردستان بە (باس)ی رای گەیاند؛ "دەستمان بە دابەشكردنی خۆراكی مانگانە كردۆتەوە و ئەم مانگەدا بۆ جاری دووەم رۆنی زەیت دابەش دەكەین و دەست بە دابەشكردنی بەشە شەكر کراوە و بەم نزیكانەش برنج دەدرێت.
دوای ئەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە بڕیارێك دەسەڵاتی گرێبەستی کڕین و دابینکردنی كەرستەی خۆراكی مانگانەی هاووڵاتییانی بە وەزارەتی بازرگانی دا، ئەو بڕیارە كاریگەری لەسەر هێنانی كەلوپەلی خۆراكی بۆ كۆگاكانی وەزارەتی بازرگانی كرد.
بەرێوەبەری دابەشكردنی كەلوپەلی خۆراك رونیكردەوە لە ساڵی ٢٠١٤ بەشە شەكر و برنجی چوار مانگ نەدراوە.
بە گوتەی بەرێوەبەری دابەشكردنی كەلوپەلی خۆراك، ئێستا كۆگاكان باشیان تێدایە و وەكو ماوەی پێشووتر نییە كە كۆگاكان بەتاڵ بوون و ئەوە ماوەیەكە خۆراكەكە زۆر بە باشی لە بەغداوە دەگات و هیچ كێشەی نییە و هاووڵاتیان لە پێدانی بەشەخۆراكەكانیان دڵنیا دەكەینەوە.
نەوزاد سابیر ئەوەی خستەروو ئەو بەشە خۆراكەی دەستیپێكراوە زەیتەكە هی مانگی دەیە و شەكر و ڕۆنی مانگی كانونی دووەمی ٢٠١٥ ش دەستیپێكراوە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست (باس) كەوتوون نوسراوێكی وەزارەتی بازرگانی عێراق ئاراستەی وەزارەتی بازرگانی هەرێمی كوردستان كراوە و روونكراوەتەوە هاووڵاتییان لە بەرامبەر ئەو ماددانەی لە بەشەخۆراك وەریان نەگرتووە، قەرەبوو دەكرێنەوە.
بەپێی ئەو زانیاریانە لە بەرامبەر فەوتانی بەشە خۆراكی چەند مانگێكی ساڵی ٢٠١٤ بە پارە قەرەبووی هاووڵاتییان دەكرێتەوە.
بەرێوەبەری دابەشكردنی كەلوپەلی خۆراكی هەولێر ئەوەی خستەروو، ئەوانیش زانیارییەكی لەم جۆرەیان بیستووە كە هاووڵاتییان لە بڕی خۆراكی فەوتاو دووبارە قەرەبۆ بكرێنەوە و لە بەغداوە داوای ژمارەی خێزانەكانی هاوبەشی پسولەی خۆراكیان كردوە، بەڵام نازانین كەی قەرەبووەكە دەدرێت و چۆنیش دەبێت.
ساڵی رابردوو، هەر ئەندامی خێزانێك بڕی ١٧ هەزار دیناری وەكو قەرەبووی بەشەخۆراكی فەوتاوی چەند مانگێكی پێدرا و بڕی ٥٠٦ ملیار دیناریش لە لایەن حكوومەتی عێراقی بۆ ئەو مەبەستە خەرجكرا.
نەوزاد سابیر بەرێوەبەری دابەشكردنی كەلوپەلی خۆراك ئەوەی خستەروو كێشەیان لە بەشە ئاردی مانگانە نییە و بەردەوامن لە دابەشكردنی بەسەر بریكارەكانی خۆراك.
ناوبراو گووتی: لە ئارد كێشەمان نییە ،چونكە گەنمێكی زۆر لە كوردستان هەیە و لە بەغداوە نایەت بەڵكو لێرە ئامادەی دەكەین و دابەشی دەكەین.
