تا ئێستا نەمبینیوە هیچ سەرۆكێك وەك سەرۆك بارزانی كۆشكی سەرۆكایەتی بەجێبهێڵێت و خۆی راستەوخۆ لە سەنگەرەكانی پێشەوە شەڕ بكات
سیناتۆر ئەیمیرى هەروەها گوتی: بە دڵنیاییەوە رۆڵی سەرۆك بارزانی زۆر بەرز دەنرخێنم و وا بزانم تەنها سەرۆكێكە كە شوێنی كاری خۆی جێهێشتبێت و بچێت لە بەرەكانی شەڕ هاوبەشی ئێش و ئازار و مەینەتی و نەهامەتییەكانی پێشمەرگەكان بێت و لەگەڵیاندا نانی پێشمەرگایەتی بخوات و لەگەڵیاندا لە سەنگەرەكاندا بخەوێت، ئەوە حاڵەتێكی بێوێنە و زۆر كەمە و ئێمە شتی وامان نەبینیوە، هەر لەبەر ئەوە بەڕاستی بەلای منەوە رۆڵی سەرۆك بارزانی نموونەیە لە ناوچەكەدا، هەر ئەمەش ئەوەمان بۆ دەردەخات كە ورە و قارەمانێتی پێشمەرگە لە كوێوە سەرچاوەی گرتووە، چونكە ئەوان دەبینین كە سەرۆكەكەیان لەگەڵ خۆیاندایە و جیا نین لە یەكتر و بوونەتە یەك بەش و یەكپارچە، هەر بۆیە توانیویانە وا قارەمانانە بەرامبەر بە دوژمن بوەستن.
شایانی باسە ئەیمیرى هەروەها گوتی: ئەوەندەی من بزانم تا ئێستا هاوكارییەكانی فەرەنسا بۆ هەرێمی كوردستان لە چەند دۆشكەیەكی20 ملم زیاتر نەبووە، كە ئەوانیش بەكارهاتوون و نوێ نەبوون، هەر بۆیە لەو وتارەمەدا لە بەردەم ئەنجومەنی پیرانی فەرەنسا داوام كردووە ئاستی ئەو یارمەتییانە زیاتر بكرێت و چەكی قورس و ئەو هاوكارییانە راستەخۆ بە هەرێمی كوردستان بدرێت، نەك رەوانەی بەغدا بكرێت، چونكە هیچ مانایەكی نییە كە ئێوە شەڕەكە دەكەن، بەڵام چەكەكە بۆ لایەكی دیكە بڕوات، هەروەها من ئەوەم دووپات كردۆتەوە كە بۆ ئەوەی لە فەرەنسا شەڕی داعش نەكەین، ئەوا دەبێت لێرە لە ناویان ببەین، چونكە ئەگەر داعش لێرەدا بێهێز نەكرێت و لە ناو نەبردرێت، ئەوا دەبێت لە فەرەنسا رووبەڕووی ببینەوە و شەڕی لەگەڵدا بكەین.
لە كۆتایی قسەكانیدا مۆتیسكۆ گوتی: من هەست دەكەم كە ئاوارەكان بارێكی ئێجگار قورسە لەسەر شانی كورد و حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمە وەك ئەوە وایە كە بیست ملیۆن ئاوارە رووبكەنە فەرەنسا. ئێمە ئاواتەخوازین وڵاتە عەرەبییەكانی دەوروبەر، بەتایبەتی ئەوانەی زۆر دەوڵەمەندن، لە سەرەتاشەوە پێنەدەچوو زۆر دژی داعش بن، قەرەبووی ئەو سیاسەتە هەڵەیەی خۆیان بكەنەوە و هەر هیچ نەبێت یارمەتی كورد بدەن بەرامبەر ئەو مەترسییە رابوەستێت، فەرەنساش بتوانێت بە شێوەیەك لە شێوەكان ئەو كارە بكات.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1013)
