ئەگەر بەپەلە ریفۆرم لە فیكر و فیقهی ئیسلامی نەكرێت ئەم داعشەش نەمێنێت، خراپتر لەو دروست دەبێتەوە
ئەیاد جەمالەدین هەروەها گوتی: ئێزیدییەكان كۆمەڵكوژكران و ژنەكانیان كرانە سەبایە، لەبەر ئەوەی داعشیەكان ئەو بیر و باوەڕەیان هەبوو كە لە دڵیاندا بوو، ئەگەرنا ئێزیدییەكان هیچ تاوانێكیان ئەنجام نەداوە، بۆیە من پێموایە ئەم شەڕە وا زوو لەگەڵ داعش كۆتایی نایەت و فیكری داعش و ئەو دەوڵەتانەی پشتگیریی داعش دەكەن هەر دەمێنن، لەمەش زیاتر هەتا ئەگەر بەسەر داعشیشدا زاڵ بن، لەبەر ئەوەی فیكری داعش و ئەو دەوڵەتانەش كە پشتگیری ئەو فیكرە دەكەن، بوونیان هەیە، ئەوا بە ناوێكی دیكە داعشێكی خراپتر دروست دەبێتەوە، واتە دووبارە بە ناوێكی دیكە خۆی بەرهەمدەهێنێتەوە، وەك ئەوەی قاعیدە و بۆكۆحەرام و تاڵیبان و ئێستاش داعش و جەبهەی نوسرە و هاوشێوەكانیان بوونیان هەیە، بۆیە هەتا پارە و پشتگیری بۆ ئەم گرووپە تیرۆریستییانە هەبێت، هەردوو دەوڵەتی عێراق و سووریا بە شیوەكی گشتی لاواز دەبن، داعش و هاوشێوەكانیشی دەوڵەتانی لاواز دەكەنە پەناگەی خۆیان و تێیدا گەشە دەكەن، ئەوجا ئەو دەوڵەتە لاوازە هەر دەوڵەتێك بێت، هەروەك بارودۆخی سۆماڵ، لیبیا، نیجیریا، مالی و چەندانی دیكە، بۆیە لاوازیی دەوڵەت زەمینە خۆش دەكات بۆ دروستبوونی ئەو جۆرە تیرۆریستانه.
شایانی باسە جەمالەدین هەروەها گوتی: من سەد لە سەد لە گەڵ ئەوەم دەبێت چاكسازی و نوێخوازی نەك تەنها لە فیكری ئیسلامیدا، بەڵكو لە فیقهی ئیسلامیشدا ئەنجام بدریت، لەبەر ئەوەی داعش شتێكی تازەی لە بواری فیقهی ئیسلامیدا دروست نەكردووە، بەڵكو ئەوەی جێبەجێكردووە كە هەیە، بۆ نموونە ئەوەی بەرامبەر ئێزیدییەكان كردوویانە، حوكمی فوقەهایە و جێبەجێكردنی ئەو حوكمەیە بەسەریاندا كە یان دەبێت ببنە موسڵمان، یان دەبێت بكوژرێن، بۆیە پێش ئەوەی داعش بوونی هەبێت، پێش ئەوەی محەمەد عەبدلوەهاب لەدایك بێت، كە داعش لە رووی فیقهەوە دەگەڕێتەوە سەر مەزهەبی وەهابی كە محەمەد عەبدلوەهاب دامەزرێنەریەتی و ئەم پرسە كۆنە، بۆیە پێویستە موسڵمانان بە سوننە و شیعەوە پێش ئەنجامدانی گۆڕانكاری فیكری، گۆڕانكارییەكی فیقهی دروست بكەن.
لە كۆتاییدا ئەیاد گوتی: قورئانی پیرۆز سەرچاوەی یاسادانانە، فوقەهائەكانی ئیسلام پشت بە قورئان و فەرموودەكانی پێغەمبەر (د.خ) و هەندێك سەرچاوەی دیكە دەبەستن بۆ ئەوەی فەتوا بدەن، بۆیە لەم روانگەیەوە دەتوانین بنەمای ئەو فەتوایانە راستبكەینەوە، بۆ نموونە ئەو فەتوایەی رێگە دەدات ئێزیدی، یان بوزی، یان مولحید بكوژرێت، ئەمە فەتوایەكی نەگۆڕە، باشە بۆچی بكوژرێت؟ واتە مولحید، یان دەبێت ببێتە ئیسلام، یان بكوژرێت، ئەم جۆرە فەتوایانە ئیشكالیەتی تێدایە، هیچ بنەمایەكی لە قورئانی پیرۆزدا نییە، بەڵكو ئەمە قسەی فوقەهایە، بێگومان ئەم قسانە لەوە قورسترن كە بتوانم لە دیمانەیەكدا چڕیان بكەمەوە، بۆیە دەڵێم جیهان بەگشتی و موسڵمانان بەتایبەتی پێویستیان بە شۆڕشێكی راستكردنەوەی فیقهی هەیە، بۆ ئەوەی ئەو جۆرە فەتوایانە بگۆڕدرێن، كە خۆی لە خۆیدا بنەمایەكی زۆر پتەوە بۆ بەرهەمهێنانی تیرۆر.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1013)
