جۆن مەککین: خەڵکی ئەمەریکا شانازی بە سەرۆک بارزانییەوە دەکەن لە سەرکردایەتیکردنی دژایەتیی تیرۆردا
لەدرێژەی سەردانە فەرمییەکەیان بۆ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەمەبەستی بەشداریکردن لە چەندین سیمینار و پاناڵ لەبارەی چۆنیەتیی هاوکاریکردنی زیاتری پەنابەران لە هەرێمی کوردستان، شاندێکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە سەرۆکایەتی (شێخ عەزیز شێخ رەزا) سەرۆک و (مووسا ئەحمەد) جێگری سەرۆکی دەزگا لە ئەمەریکان و لەو سەردانەشدا چەندین دیدار و چاوپێکەوتنی گرنگ لەگەڵ کەسایەتی و رێکخراوە مرۆییەکان و میدیاکانی ئەو وڵاتەدا ئەنجام دەدەن، هاوکات لە درێژەی ئەو سەردانەیاندا چاویان بە (جۆن مەککین) سیناتۆری ئەمەریکایی دەکەوێت.
4/2/2015، سەرۆک و جێگر و ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، چوونە کۆنگرێسی ئەمەریکا و چاویان بە (جۆن مەککین) سیناتۆری ئەمەریکایی کەوت و لەلایەن ناوبراوەوە بە گەرمی پێشوازیی کران.
سەرەتای دیداری نێوانیان، (شێخ عەزیز شێخ رەزا) سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی زۆر سوپاسی (جۆن مەککین)ـی کرد بۆ پشتگیریی بەردەوامی لە گەلی کورد و هەرێمی کوردستان و دۆزی رەوای کورد، هەروەها تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەی نێوانیان باسیان لە بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و بارودۆخ و کێشەی پەناخوازان و چۆنیەتیی هاوکاریکردنی زیاتریان کرا. لە بەرامبەردا (جۆن مەککین) زۆر سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرد بۆ ئەو هاوکارییە بێسنوورانەی بۆ پەناخوازانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان کە درێخییان نەکردووە لە گەیاندنی کۆمەک و هاوکارییەکانیان.
(جۆن مەککین) لە درێژەی دیدارەکەدا زۆر سوپاسی خەڵکی کوردستانی کرد بۆ دڵفراوانی و هەستی مرۆڤایەتی بەرامبەر بە پەناخوازان لە هەرێمی کوردستان و هەروەها بە شاندی دەزگای خێرخوازیی بارزانی راگەیاند کە، بە ناوی زۆربەی خەڵکی ئەمەریکاوە زۆر شانازی بە (سەرۆک بارزانی)ـیەوە دەکەن بۆ سەرکردایەتیکردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە شەڕی دژی تیرۆریستان، هەروەها دووپاتی کردەوە کە هەموو هەوڵێک دەدات بۆ پڕچەککردنی هێزی پێشمەرگە و پێشکەشکردنی هاوکاریی مرۆیی زیاتر بە هەرێمی کوردستان.
لە کۆتایی دیدارەکەدا (جۆن مەککین) سیناتۆری ئەمەریکایی سەرەخۆشیی خۆی بۆ (سەرۆک بارزانی) و تەواوی خەڵکی کوردستان دووپات کردەوە بۆ شەهیدانی کوردستان لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش.
