دژەتانکی ئیتاڵیاییش گەییشتە کوردستان
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان عەمید (ھەڵگورد حیکمەت) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "وڵاتی ئیتاڵیا جۆرێکی نوێی چەکی بۆ ھەرێمی کوردستان رەوانە کردووە بە ناوی (FORGERE) کە ھاوشێوەی چەکی میلانە و دژەتانکە؛ هەڵبەت ئەو چەکە سودی زۆری بۆ ھێزی پێشمەرگە دەبێت، چونکە لەئێستادا ھێزی پێشمەرگە پێویستی پێی ھەیە."
بەڕێوبەری راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتیشی، ئیتاڵیا ھەر لە سەرتاوە و بەردەوام ھاوکاریی ھەرێمی کوردستانی کردووە، بەڵام ھاوکارییەکانی زیاتر لە ڕووی تەقەمەنییەوە بووە، بۆیە لەئێستادا ئەو جۆرە چەکەیان بۆ ھەرێمی کوردستان رەوانە کردووە.
ئەو گوتیشی کە بۆ بەکاربردنی ئەو چەکە نوێیە پێویستە ھێزی پێشمەرگە مەشقی بکات و، بۆ ئەم مەبەستەیش راوێژکارانی ئیتاڵیایی لە ھەرێمی کوردستان ھەن و خۆیان مەشق بە پێشمەرگە دەکەن.
عەمید (ھەڵگورد حیکمەت) ڕوونیشی کردەوە، ئەو ھاوپەیمانییەی لەلایەن ٦٠وڵاتەوە پێکھێندراوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، کە ئەمەریکا ڕابەرایەتیی دەکات؛ دیارە کە ھەموویان ھاوکاریی ھەرێمی کوردستانیان کردووە بە شێوازی جیا جیا؛ ھەندێک لە ڕووی مرۆیی و ھەندێکیش لە ڕووی چەک و تەقەمەنییەوە، ھەموویشیان ئەو ھاوکاریانەیان لە رێگەی ئەو حەوت وڵاتە بووە کە نوێنەرایەتییان لە ھەرێمی کوردستان ھەبووە."
