بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەی قەیرانی دارایی و كەمكردنەوەی بارگرانی مووچەخۆرانی حكومەت لەسەر بودجەی گشتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەنیازە بڕیاری زیادكردنی مۆڵەتی بێ مووچە لە 3 ساڵەوە بۆ 5 ساڵ زیاد بكات، ئەم هەنگاوەی حكومەت دوای ئەوە دێت كە بۆ بچوككردنەوەی قەبارەی كەرتی گشتی حكومەت بەنیازە چەند فەرمانگەو دامودەزگایەكی حكومی دابخات كە لەقۆناغی ئەمڕۆدا پێویست نین، ئەمە جگە لەوەی دەنگۆی یەكگرتنی ژمارەیەك بەڕێوەبەرایەتی گشتی و فەرمانگەی تر هەیە، هەنگاوی زیادكردنی ماوەی مۆڵەتی بێ مووچە لەلایەن ئابووریناسانەوە پێشوازی لێكراو بەهەنگاوێكی گرنگ دادەنرێت بۆ كەمكردنەوەی بارگرانی مووچە لەسەر بودجەی بەكارخستن و هاندانی دۆزینەوەی هەلی كار لەكەرتی تایبەت، بەتایبەتی گەرپێتوو كۆمەڵێك رێوشوێنی تری تایبەت بەچاوخشاندنەوەی بەخانەنشینی بگیرێتە بەر كە رەنگە هاندەر بێت بۆ خانەنشینبوونی ژمارەیەكی تری فەرمانبەران . ئابووریناسان پێیان وایە دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەژمارەیەكی یەكجار كەمتری ئەو ژمارە فەرمانبەرانە بەڕێوەدەچێت كە ئێستا لەدامودەزگاكان كەڵەكە بوون و ئیمتیازات و پاداشتیان نییە . هەربۆیە كاتی ئەوەهاتووە بڕیارەكانی تایبەت بەخزمەتی مەدەنی و خانەنشینی و مۆڵەتی بێ مووچە چاوخشاندنەوەی پێدا بكرێت .
گوڵان