یاوەر: كۆتایی پڕۆسەكە ژمارەی شەهیدەكان رادەگەیەنین

 یاوەر: كۆتایی پڕۆسەكە ژمارەی شەهیدەكان رادەگەیەنین
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت‌، لە كۆتایی شەڕەكە، بە فەرمیی ژمارەی شەهید ‌و بریندارەكانی پێشمەرگە لەكەركووك رادەگەیەنن "چونكە تائێستاش شەڕ هەیە".

جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا ئاماژە بەوەدەكات، لەبەر ئەوەی تاوەکو ئێستاش شەڕ لەبەرەكانی جەنگ لە میحوەری كەركووك هەیە، بۆیە ژمارەی شەهید‌و بریندارەكانمان بە فەرمیی رانەگەیاندووە.

جەبار یاوە باسی لەوەشکرد، کە "لێرە‌و لەوێ‌ ژمارە بڵاودەكرێتەوە، بەڵام ئەوان هیچیان بەفەرمی ژمارەی ئێمە نین، كۆتایی پڕۆسەكە ژمارەی شەهید‌و بریندارەكان رادەگەیەنین".

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بە ئامارەی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی كەركووك کرد، کە رایگەیاندووە، ژمارەی شەهیدەكان 31 پێشمەرگە بووە.

سەبارەت بە لێدوانێكی حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، كە گوتبووی لەشەڕەكەی دوێنیی كەركووك "50 پێشمەرگە شەهیدبوون"،
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی كوردستان گوتی "چەندین سەرچاوە لەبارەی شەهید‌ و بریندارەكانی هێزی پێشمەرگە لێدوانی جیاوازیان بڵاوكردووەتەوە، رەنگە ئەویش لە یەكێك لەو سەرچاوانەی وەرگرتبێت".

رۆژی هەینی 30ـی کانوونی دووەمی 2015، چەكدارانی داعش لە چەندین لاوە پەلاماری شاری كەركووكیان دا و بەو هۆیەشەوە ژمارەیەك پێشمەرگە شەهید ‌و برینداربوون.






رووداو
Top