پەیەدە: سوپاسی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەکەین کە توانیی ھاوکاری بۆ کۆبانێ پەیدا بکات
(فەتحوڵا حوسەینی)، نوێنەری کانتۆنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بە بۆنەی ڕزگارکردنی کۆبانێوە، پیرۆزبایی لە ھەرچوار پارچەی کوردستان و، خوێنی شەھیدانی پێشمەرگە و، یەپەگە و، یەپەژە دەکەین،کە توانییان بە خوێنی خۆیان ئەو سەرکەوتنە گەورەیە تۆمار بکەن و، ئەو پرسە ناوخۆییە بکەنە پرسێکی نێودەوڵەتی."
(فەتحوڵا حوسێنی) گوتیشی: "پێویستە کورد ناوماڵی خۆی ڕێک بخات، چونکە ئەمە مەترسییە بۆ باشوری کوردستانیش؛ ئێستا کورد بووەتە ژمارەیەکی ئەکتیف لە ناوچەکەدا و، پێویستە پاداشتی خۆی وەربگرێت و، لە ماوەیەکی نزیکدا ببێتە دەوڵەت."
نوێنەری کانتۆنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، ڕوونیشی کردەوە، کە ھەر کوردێک لە ئاست کۆبانێدا بە ئەرکی خۆی ھەڵساوە، ئێمە سوپاسیان دەکەین و، پێویستە کورد لە کوێ پێویستی بە ھاوکاری ھەبێت، کورد ھەمووی ئامادە بێت بۆ ھاوکاریکردن."
(حوسێنی) ڕایشیگەیاند: "ئێمە سوپاسی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەکەین کە توانیی بە دیبلۆماسیەتی خۆی ھاوکارییەکی باش بۆ کۆبانێ پەیدا بکات؛ ھەموو کەس بە ئەرکی خۆی ھەڵسا، بۆیە کۆبانێ ئەمڕۆ سەرکەوت."
نوێنەری کانتۆنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان گوتیشی: "ئێستا کورد پێویستی بە مەرجعێکی سیاسی ھەیە، بۆیە پێویستە بە زووترین کات کۆنگرەیەکی نەتەوەیی بگیرێت و، مەرجعی سیاسی دروست بکرێت و، بڕیاری ئاشتی و، یەکدەنگی و، دیبلۆماسی بە دەست ئەو مەرجعەوە بێت، بۆ ئەوەی نوێنەرایەتیی سیاسەتی دەرەوەی کورد بکات، کە ئەمە لەم قۆناغەدا زۆر پێویستە."
