خەلكی كۆبانێ دەستیان بە گەڕانەوە كردووە

 خەلكی كۆبانێ دەستیان بە گەڕانەوە كردووە
فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانێ ڕایدەگەینێت کە دوای ئازادكردنی شاری كۆبانێ، ئەمڕۆ شەڕڤانان و هێزەكانی پێشمەرگە گوندێك و ڕێگایەكی ستراتیجییشیان ئازاد كردووە؛ خەڵكیش دەستیان كردووە بە گەڕانەوە.

عەمید (مسلیح زێباری)، فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانێ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "پاش ئەوەی دوێنێ تەواوی شاری كۆبانێ لە تیرۆرستانی داعش پاك كرایەوە، یەکسەر شەڕڤانان و هێزەكانی پێشمەرگە سێ گوندی دیكەیشیان ڕزگار كرد لە دەورووبەری گردی مشتەنوور؛ تەرمك، مەمیت و،حەلنج؛ كە دەكەونە سەر ڕێگای حەلەب لە باشووری كۆبانێ."
(مسلیح زێباری) دەیشڵێت: "ئەم بەیانییەش ئێمەی هێزەكانی پێشمەرگە لەگەڵ شەڕڤانان بە چەكی قورسەوە بەرەو دوو قۆڵ چووین؛ دەورووبەری گردی مشتەنورو دەورووبەری 'تەل‌شەعیر'مان بۆردوومان كرد و، رێگایەكی ستراتیجی بە ناوی (ڕێگای حەڵەبجە)، كەوتە دەستی شەڕڤانان و، هێزەكانی پێشمەرگە."
لەبارەی گەڕانەوەیان ئەو فەرماندەیەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانێ گوتیشی: "بۆ ئێمە گشت هێزەكانی پێشمەرگە سەربڵندی و، سەرفرازییە بمێنینەوە تاكو بتوانین گوندەكانی دەورووبەریش ئازاد بكەین؛ بە بڕوای من هەر هیچ نەبێت دە کیلۆمەتر لە دەوراوپشتی باژێری كۆبانێ پارێزراو بێت تاكو چەكی تیرۆرستانی داعش ئەو شارە نەپێکێت."
Top