هەر كەس و لایەنێك دژایەتی يەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە بكات خۆی و لایەنەكەشی زەرەر دەكات و خەڵكی كوردستانیش لێی قبووڵ ناكات
سەید قادر هەروەها گوتی: پرۆسەی یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، خواستی هەموو خەڵكی كوردستانە و دەبێت پەلەی تێدا بكرێت، بەڵام ئەم خواستە كە بەشێوەیەكی واقیعی مامەڵەی لەگەڵ دەكەین، هەندێك فاكتەر دێنە پێشەوە و دەستمان دەگرێت لەوەی كە وەك پێویست پەلە بكەین، یەكێك لەو فاكتەرانە ئەوەیە كە ئێمە كاتێك هەنگاو بۆ ئەم پرۆسە گرنگە هەڵدەگرین، شەڕەكە بەردەوامە، بێگومان بەردەوامیی شەڕەكەش پێویستی بە ئیدارەدان و سەرخستنی بەرەكانی شەڕەوە هەیە، بۆیە ئەم لایەنە هەندێك جار هەنگاوەكانمان خاو دەكاتەوە، بەڵام لەلایەكی دیكەوە هەر ئەم شەڕە زەمینەی ئەوەی بۆ رەخساندووین كە ئەم پرۆسەی یەكگرتنەوەیەی هێزی پێشمەرگە ببێتە زەروورەتی ئەم قۆناخە بۆ هەموو لایەك، لەبەر ئەوەی ئەم شەڕە دەریخست، كەموكورتییەكانمان چین و چۆن هەنگاو هەڵبگرین بۆ چارەسەركردنیان. بۆیە هەتا ئێستا نەمانتوانیوە پەلە لە یەكگرتنەوە بكەین، بەڵام ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە ئەوەیە كە بڕیارەكان هەن، ئێمەش وەك وەزارەتی پێشمەرگە چەند جارێك لەگەڵ هەردوو یەكەی 70 و 80 كۆبووینەتەوە و پلانمان داناوە بۆ یەكگرتنەوەی هەردوو یەكەكە، ئەوەی من تێبینیم كردووە، لە ناو وەزارەتی پێشمەرگە هاوكاری هەیە بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە، هەروەها لە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانیش پشتیوانی هەیە، بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش وەك پێشتریش ئاماژەم پێكرد.
شایانی باسە سەید قادر هەروەها گوتی: هیچ لایەكیان (پارتی و یەكێتی) پرسی لەمجۆرەیان رووبەڕووی من نەكردۆتەوە، منیش هەر لە راگەیاندنەكانەوە گوێم لێ بووە و نەهاتوون بە فەرمی ئەم پرسە لەگەڵ ئێمە وەك وەزارەتی پێشمەرگە باس بكەن و پارتی بڵێت بەم شێوەیە، یان یەكێتی بڵێت بەم شێوەیە، ئەوەی من تێبینیم كردووە لەسەر هەموو ئاستەكان سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و جێگرەكەی، لەناو وەزارەتی پێشمەرگە چ ئەوانەی پارتین، یان یەكێتین، پشتگیری هەیە، لەلایەكی دیكەشەوە ئێمە هەتا ئێستا نەهاتووینەتە سەر ئەوەی بە كردەیی هەنگاو بۆ یەكگرتنەوە هەڵبگرین،. بۆیە كە بەكردەیی دەستمان پێكرد، ئەوكات دەزانین چ لایەك كارئاسانیمان بۆ دەكات و چ لایەك رێگری و ئاستەنگمان بۆ دروست دەكات. من لە كۆبوونەوەم لەگەڵ یەكەی 70 و 80، ئەوەی بینیومە ئەوەبووە هەردوولا ئامادەباشی خۆیان بۆ ئەم یەكگرتنەوەیە پیشانداوە.
قادر لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: پارتی و یەكێتی وەك دوو حزب كۆبوونەوەی هاوبەش دەكەن، ئەوە پەیوەندی بە حكومەتەوە نییە، پاشان كابینەی هەشتەم تەنها حكومەتی پارتی و یەكێتی نییە و حكومەتێكی نیشتمانی بنكەفراوانە و هەموو لایەنە سیاسییەكانی براوەی هەڵبژاردن تێیدا بەشدارن، بۆیە ئەم پرسە پرسی حكومەتە، لەلایەكی دیكەوە پارتی و یەكێتیش خۆیان لە حكومەت بەشدارن، بۆیە دەكرێت ئەم پرسە لە ناو حكومەت باس بكرێت، پرۆسەكە خۆی بەشێكە لە بەرنامەی كابینەی هەشتەم و هەموو لایەنەكان بە پارتی و یەكێتی و گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵەوە لەسەری رێككەوتووین و پەرلەمان پەسەندی كردووە و سەرۆكی هەرێم ئیمزای لەسەر كردووە. واتە بەرنامەی ئەم حكومەتە بریتییە لەوەی بكرێتە حكومەتێكی دامەزراوەیی و پاشماوەی دوو ئیدارەیی نەهێڵرێت و چاكسازی بكرێت، لە بڕگەی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە، دەبێت هێزی پێشمەرگە بكرێتە یەك هێزی نیشتمانیی رێكخراو، ئەم پرسە یەكلایی كراوەتەوە، هەر لایەك دژایەتی بكات، خۆی زەرەر دەكات و خەڵكی كوردستانیش لێی قبووڵ ناكات.
لە كۆتاییدا مستەفا سەید گوتی: وەك فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان و وەزارتی پێشمەرگە، بۆ سەرپەرشتی و بەڕێوەبردنی ئەم شەڕە 8 ژووری ئۆپەراسیۆنمان دروستكردووە، لەم ژوورانە هێزی تێكەڵاوی لێیە وەك: (لیواكانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، یەكەی 70 و 80، زێرەڤانی، بەرگری فریاكەوتن، دژەتیرور، ئاسایش، پۆلیس) هەتا خۆبەخش و پێشمەرگەی كەمئەندامانی لێیە، ئەمانە وایكردووە ئاڕاستەكردنەكەی بەو جۆرە ئاسان نەبێت، هەروەها هەندێ كەموكورتی هەن كە هەموولایەك دەیزانن، هەر بۆ نموونە ئەگەر ئەو هێزە یەكگرتووەمان هەبوایە، كەس باسی ئەوەی نەدەكرد كە ئەم شەڕە یەكێتی كردوویەتی، یان ئەو شەڕە پارتی كردوویەتی.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1011)
