بەرگریی قارەمانانەی پێشمەرگە و سەركەوتنە مەزنەكانی بەسەر داعشدا ئاراستەی شەڕەكەی گۆڕی

بەرگریی قارەمانانەی پێشمەرگە و سەركەوتنە مەزنەكانی بەسەر داعشدا ئاراستەی شەڕەكەی گۆڕی
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان ستۆران ستیڤنسۆن سیاسەتمەداری سكۆتلەندی بۆ گوتى: پێش هەموو شت دەخوازم ئاماژە بەوە بكەم كە كەوتنی موسڵ لە حوزەیرانی ساڵی رابردوو و شەڕنەكردن لەلایەن سوپای عێراقەوە، بووە هۆكاری ئەوەی كە جیهان هەست بە نائومێدییەك بكات بەرامبەر بە ئایندەی عێراق و دامەزراندنی خەلافەتی ئیسلامی داعش لە سووریا و عێراق، بەڵام بەرگری قارەمانانەی پێشمەرگە و تێكشكانی تیرۆریستانی داعش بارودۆخەكەی گۆڕی، دەتوانم بڵێم ئەگەر پێشمەرگە نەبوایە ئەوا بارودۆخی عێراق زۆر زۆر خراپتر دەبوو، پێشمەرگە زۆر بوێر بووە و بەم دواییە چەند سەركەوتنێكی گەورەی بەدەست هێناوە لە بەرامبەر دەوڵەتی ئیسلامیدا. لەبەر ئەوە خەڵكی بەریتانیا و خەڵكی ئەوروپا بەگشتی زۆر پشتیوانی كوردستان و پێشمەرگە دەكەن بەو شێوەیەی كە سەركردایەتی هەڵمەتێك دەكات دژی تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی.

ستۆران ستیڤنسۆن هەروەها گوتی: لە سایەی –حوكمڕانی- مالیكیدا تەواوی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی متمانەیان بە مالیكی و حكومەتەكەی لە دەستدا، سوپای عێراق لە گەندەڵیەوە تێوەگلا، ئەوەش وێنەی ئەو رەوشە بوو كە لە حكومەتی مەركەزیدا دەگوزەرا كە كەوتبووە ژێر باری گەندەڵییەوە، ئەوەش لە بەرفراوانبوونی خێرای دەوڵەتی ئیسلامیدا دەركەوت كە لە شەڕی سووریایەوە تەشەنەیان كردبوو، لە پڕێكدا توانییان دەست بەسەر موسڵ و هەروەها بە رەوتێكی خێرا دەست بەسەر بەشێكی گەورەی خاكی عێراقدا بگرن، كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دووچاری سەرسوڕمان كرد. هەروەها هەرەسهێنانی سوپای عێراق، سەرەڕای ملیارەها دۆلار كە خەرجكرابوو بۆ مەشقپێكردن و پڕچەككردنی سوپای عێراق، بەڵام بە خێرایی ئەوە روون بۆوە كە ئەمە سوپایەكی بێتوانایە و كەوتۆتە ژێر باری گەندەڵییەوە و مایەی پشت پێبەستن نییە وەك هێزێكی شەڕكەر دژی دەوڵەتی ئیسلامی. لەو كاتەدا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەرنجی خۆی گۆڕی بۆ سەر پێشمەرگە كە هەمیشە لەلایەن ئەوروپییەكان بە بوێرترین جەنگاوەر دانراون و بەخێرایی دركمان بەوە كرد كە پێویستە چەكی نوێ بۆ پێشمەرگە دەستەبەر بكرێت، بۆ ئەوەی هاوكارییان بكەین لە شەڕكردن لە دژی پێشڕەویی دەوڵەتی ئیسلامی، كە ئەوانیش ئەم كارەیان زۆر بە سەركەوتوویی ئەنجام داوە.


شایانی باسە ستیڤنسۆن هەروەها گوتی: كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەرۆك بارزانی و سەرۆك وەزیران نێچیرڤان بارزانی بە كەسانێكی بوێر دادەنێن و سەرۆك بارزانی وەك جەنگاوەرێك و سەركردەی پێشمەرگە دەناسرێت و نكۆڵی لە بوێرییەكەی ناكرێت. لەبەر ئەوە رۆژئاوا لەوە دەڕوانێت كە سەرۆك بارزانی سەركردایەتی هەڵمەتەكە بكات بۆ پاككردنەوەی سەرجەم عێراق لە تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی. من بەڕێز سەرۆك بارزانی دەناسم و چەندین جار چاوم پێیكەوتووە، رێز لە ئازایەتییە مەزنەكەی و لە بوێرییەكەی دەگرم، من و خەڵكی رۆژئاوا هیوای سەركەوتنی بۆ دەخوازین لە شەڕەكەیدا بۆ دەرپەڕاندنی دەوڵەتی ئیسلامی لە خاكی عێراق.

لە كۆتاییدا ستۆران هەروەها گوتی: بە دڵنیاییەوە ئاوارەكان لە ناو هەرێمی كوردستاندا لە رەوشێكی سەخت ژیان بەسەر دەبەن، كاتێك لە هەولێر بووم سەردانی یەكێك لە كامپەكانی ئاوارە سوورییەكانم كرد، كە بیست هەزار لە كوردەكانی سووریا هەڵاتن و بەرەو كوردستان هاتن و وەك هەمیشە لەلایەن (سەرۆك بارزانی)یەوە پێشوازییان لێكرا و كامپی ئاوارەی بۆ دەستەبەر كردن، ئاو و خواردن و سەلامەتی بۆ دەستەبەر كردن، لەو كاتەوە- كە هەژدە مانگ پێش ئێستا بوو-، بە دەیان هەزار ئاوارە، لە ئێزیدییەكان و هەروەها خەڵكانێكی زیاتر لە ناو عێراقدا كە لە ژێر فشاری دەوڵەتی ئیسلامیدا بوون و هەروەها ئاوارەی زیاتر لە سووریاوە دێن، كەواتە دۆخەكە تا دێت خراپتر دەبێت، لەبەر ئەوە گرنگە كە رۆژئاوا هاوكاری زیاتری كوردستان بكات، كە هەمیشە بارێكی ئارامی بۆ ئاوارەكان دەستەبەر كردووە. ئەوە شتێكە كە بەڕاستی پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ستایشی بكات و پێویستە رێز لە هەرێمی كوردستان بگرن بەوەی هاوكاریی دارایی زیاتر بكرێن بۆ ئەوەی بتوانن مامەڵە لەگەڵ پرسی ئاوارەكاندا بكەن.


بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1011)

Top