راگەیەندراوێک لە هێزی پێشمەرگەوە
دەقی راگەیەندراوەکە:
راگەیێندراوی سەربازی هێزی پێشمەرگەی كوردستان
(لە هەر شوێنێك تیرۆریستان بەنیاز بن پەلاماری پێشمەرگە بدەن ئەوە پێشمەرگە بڕیاری كۆنتڕۆڵكردنی دەدات)
دوای سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە چەند رۆژی رابردوو لە رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی بەنداوی موسڵ، تیرۆریستانی داعش بە مەبەستی زیانگەیاندن بە پێشمەرگە گوندی ساڵحیەیان كە دەكەوێتە سێ كیلۆمەتری باشووری قەسەریج وەك ناوەندێك بۆ زیانگەیاندن بە پێشمەرگە بەكار دەهێنا.
كاتژمێر 7ـی بەیانیی ئەمڕۆ شەممە 24ـی 1ـی 2014 هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بۆ تێكشكاندنی جموجۆڵەكانی داعش لەم گوندە پەلاماری مۆڵگەكانی داعشیان لە سالحیە دا و لە ماوەی 2 كاتژمێر كۆنتڕۆڵیان كرد. لە ئەنجامی ئەو شەڕدا تیرۆریستان زەبرێكی كوشندەیان بەركەوت و 14 لاشەیان كەوتووەتە دەست هێزی پێشمەرگە و چوار ئۆتۆمۆبیل و حەفارەیەكیان لێ بەجێماوە و هەروەها هەمەرێكی سەربازیی داعش لە لایەن هێزی پێشمەرگە تێكشكێندراوە و پێشمەرگەیش هیچ زیانێكی پێنەگەییشتوووە. لە ئۆپڕاسیۆنی ئەمڕۆی پێشمەرگەدا مۆڵگەی تیرۆریستان لە گوندەكانی ساجیعە و هارون و قۆبك لە لایەن تۆپخانەی پێشمەرگە بە چڕی بوردومان كرا.
پەلاماری ئەمڕۆی هێزی پێشمەرگە بۆ سەر تیرۆریستانی داعش لە گوندی ساڵحییە وانەیەكە بۆ تیرۆریستان كە لە هەر شوێنێك بە نیاز بن پەلاماری پێشمەرگە بدەن یان خەڵكێك هاوكاریی تیرۆریستان بكات ئەوە پێشمەرگە بۆ دووركردنەوەی هەڕەشەی تیرۆریستان بڕیاری كۆنتڕۆڵكردنی ئەو شوێنە دەدات.
سەرچاوەیەكی باڵای سەربازی لە میحوەری ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی دیجلە
24-1-2015
