سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی باڵای یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان كرد
لە كۆبوونەوەكەدا شاندی میوان دەستخۆشیان لە سەرۆك بارزانی و هێزی پێشمەرگەی كوردستان كرد بۆ ئەو سەركەوتنانەی كە لە بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان بەدەستیان هێناوە و سەرەخۆشیشیان لە كەسوكاری ئەو پێشمەرگە قارەمانانە كرد كە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش شەهید بوونە و هیوای چاكبوونەوەیشیان بۆ بریندارەكان خواست.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی ناوچە ئازادكراوەكان و بەرەكانی شەڕ تاوتوێ كرا و جەخت لەسەر پاڵپشتیكردنی هێزەكانی پێشمەرگە كرایەوە و قسەیش لەبارەی بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق كرا.
هەر لەم دیدارەدا باس لە پێویستیی پاراستنی یەكڕیزیی نێوان لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان لەم بارودۆخە دژوار و پڕهەڕەشەیە كرا و جەخت لەوە كرایەوە كە یەكڕیزیی نێوان لایەنەكان و پشتگیریی هێزی پێشمەرگە زامنی سەركەوتنی گەلی كوردستانە.
