شای سعودیە کۆچی دواییکرد
بەپێی زانیارییەکانی دیوانی پاشایەتی سعودیە، راستەوخۆ دوای کۆچی دوایی شا عەبدوڵڵای کوڕی عەبدولعەزیز، ئەمیر سەلمانی کوڕی عەبدولعەزیز دەبێتە شای سعودییە.
لە بەیاننامەی دیوانەکەدا هاتووە،" کاژێر یەکی شەوی رابردوو شا عەبدوڵڵا کۆچی دوایی کردووە و لەمزگەوتی ترکی لە شاری ریاز نوێژی هەینی لەسەر دەکرێت". هەمان راگەیێنراو باس لەوە دەکات ئەمیر سەلمان بووە شای سعودیە و دانانیشی بەپێی سیاسەتی بەڕێوەبردنی وڵات بووە.
شای کۆچکردووی سعودیە تەمەنی 91 ساڵ بوو و لە زۆر پرسی جیهانیش پرس و رای تایبەتی پێدەکرا، لەگەڵ هەواڵی کۆچی دوایی نێوبراویش بەشێکی زۆری سەرکردەکانی جیهان پرسەنامەیان بۆ سعودییە نارد، لەنێویاندا باراک ئۆبامای سەرۆکی ئەمریکا و فرانسوا ئۆلاندی سەرۆکی فرەنسا.
باراک ئۆباما لە نامەکەدا سەرەڕای دڵتەنگی خۆی بۆ هەواڵەکە، دەڵێت:" شا رۆڵێکی گەورەی لە پەیوەندی نێوان ئەمریکا و عەرەبستانی سعوی هەبوو".
پرۆفایلی شا عەبدوڵڵا
- لە ساڵی 1924 لە ریاز لە دایکبووە.
- شەشەم پادشای شانشینی سعودیە بوو.
- دوازدەیەمین کوڕی عەبدولعەزیزە.
- هیچ بڕاونامەیەکی فەرمی نییە تەنیا لە مزگەوتەکان خوێندویەتی.
- لەساڵی 1963 بووە وەزیری پاسەوانی نیشتیمانی.
- لەساڵی 1975 بووە جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران.
- لەساڵی 1995کاروباری وڵاتی گرتە دەست.
- دوای مردنی فەهد عەبدولعەزیزی برای لەساڵی 2005 بووە پادشا.
- گۆڤاری فۆربس بە دەوڵەمەندترین سەرکردەی جیهانی دیاریكرد لە ساڵی 2010 و سامانەکەی بە 18 ملیار دۆلار خەمڵێندرا.
