ده‌قی وتاری ڕاوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له پەرلەمانی ئەوروپا
ده‌قی وتاری ڕاوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له پەرلەمانی ئەوروپا:
به‌ڕێز سه‌رۆك ئێلمار برۆك
به‌ڕێزان ئه‌ندامانی لیژنه‌ی كاروباری ده‌ره‌وه له په‌رله‌مانی یه‌كێتی ئه‌وڕووپا
خوشك و برایان
سوپاستان ده‌كه‌م بۆ بانگهێشت كردنم تا گفتوگۆ له‌باره‌ی ره‌وشی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و ئایندهی گه‌له‌كه‌مان بكه‌ین.
ئێمه له‌كاتێكدا كۆده‌بینه‌وه، كه نیگه‌رانییه‌كی گه‌وره له‌سه‌ر ئاسایشی گه‌له‌كه‌مان و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیدا له‌ئارا دایه. وێنه و دیمه‌نه ترسناكه‌كانی قوربانیانی بێگوناهی - كورد، موسڵمان، نا موسڵمان، خه‌ڵكی لۆكاڵ و بیانی- ئه‌نجامدانی كۆمه‌ڵكوژی و سه‌ربڕینی وه‌حشیانه له عێراق و سوریا ده‌بێ ویژدانی جیهانی ئازاد بهه‌ژێنێ.
ئێمه له‌كاتێكدا كۆده‌بینه‌وه، كه زۆرێك له وڵاتان پله‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییان بۆ ئاستێكی باڵاتر به‌رزكردۆته‌وه.
خوشك و برایان.. ئێمه له‌كاتێكدا كۆده‌بینه‌وه، كه هه‌ڕه‌شه و لێكه‌وته‌ی مه‌زن له‌سه‌ر ئاشتی و ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تیدا هه‌یه. وێڕای ئه‌م هه‌ڕه‌شه ئاشكرا و روونانه، به‌ڵام دیاره كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ناخوازێت بڕیارێكی یهكلایكهرهوه و لێبڕاوانه - بژارده‌ی پاراستنی گیانی بێ گوناهه‌كان به هه‌ر نرخێك - بدات.
ئه‌م نهخواستنه، رێگه‌ی بۆ ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له عێراق و شام ( ناسراو به داعش) خۆشكرد له مانگی ئابی رابردوو بچێته ناو شارۆچكه‌ی شنگال و به هه‌زاران كه‌س له گه‌له‌كه‌مان كۆمه‌ڵكوژ بكات و ئافره‌ته شۆخهكانیش بفرۆشێ و بیانكاته كۆیله و كاره‌كه سه‌ر بۆ جینۆساید‌كردن بكێشێ.
ئه‌مڕۆ، ئێمه له هه‌رێمی كوردستاندا ته‌نیا شه‌ڕ بۆ بوونی خۆمان ناكه‌ین، كه به درێژایی سه‌ده‌ی بیسته‌م كردوومانه، به‌ڵكو له‌جیاتی جیهانی ئازادیش شه‌ڕ ده‌كه‌ین.
له هه‌شتی مانگی حوزه‌یرانی رابردوو، ته‌نها دوو رۆژ به‌ر له كه‌وتنی مووسڵ به‌ده‌ستی داعش، ئێمه حكوومه‌تی عێراقی فیدراڵمان له ئه‌گه‌ری هێرشكردن بۆ سه‌ر شاره‌كه ئاگادار كرده‌وه و ره‌وانكردنی پێشمه‌رگه‌مان بۆ به‌رگریكردن له ناوچه‌كه پێشكه‌شكردن. به‌داخه‌وه، كه‌س گوێی له ئاگاداركردنه‌وه و هوشیاركردنهوهكهمان نه‌گرت.
له كاتژمێره سه‌ره‌تاییه‌كانی 10ی مانگی حوزه‌یرانی رابردوو، كه‌متر له 2 هه‌زار چه‌كداری داعش داخیلی به‌ری رۆژهه‌ڵاتی مووسڵ بوون و سه‌ربازگه‌ی سه‌ره‌كی سوپا، بانكی شاره‌كه و فڕۆكه‌خانه و باڵه‌خانه‌كانی حكوومه‌تیان داگیر كرد، پێشڕه‌وی بروسك ئاسای گرووپه‌كه له سه‌رانسه‌ری پارێزگاكه، له‌گه‌ڵ داڕوخانی سوپای عێراق، ئاگاداركردنه‌وه‌ی ئێمه‌ی ئیسپات كرد، كه به درێژایی ساڵی 2014 كردوومانه.
له چه‌ند كاتژمێری دواتری هێرشه‌كه‌دا 5 فیرقه‌ی سوپای عێراق و یه‌ك فیرقه‌ی پۆڵیسی فیدراڵ به‌ته‌واوی توانه‌وه و به ده‌یان هه‌زار سه‌ربازیش شوێنی خۆیان و چه‌كه قوڕسهكانیان به‌جێهێشت. له چه‌ند كاتژمێرێكدا داعش له رێكخراوێكی تیرۆریستی دڕنده‌وه بووه ده‌وڵه‌تێكی تیرۆریستی بێ وێنه. ئێستا ئه‌م ده‌وڵه‌ته تیرۆریسته دڕنده‌یه خاوه‌نی تانك، سه‌دان هه‌مه‌ر، زرێپۆش، تۆپی قوڕس و چه‌كی پێشكه‌وتووه. ئه‌م چه‌كانه، له‌گه‌ڵ ئه‌و چه‌كانه‌ی له سوریا گرتوویانه، ته‌نها بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان هه‌ڕه‌شه نین ، به‌ڵكو بۆ سه‌ر دراوسێكانمان و ته‌واوی جیهانی ئازادیش هه‌ڕه‌شه‌ن.
داعش بۆ پێشڕه‌وی و تیرۆركردنی گونده‌كان، كه‌مینه‌كان و خێزانه بێده‌ره‌تانه‌كان چه‌ك و چه‌كدارانی یه‌ده‌گی به‌كارهێنا، به شێوه‌یه‌كی دڕندانه هه‌زاران كه‌سی كۆمه‌ڵكوژ كرد و ده‌یان هه‌زار مه‌سیحیشی ناچار كرد ئاینی خۆیان بۆ ئیسلام بگۆڕن و خاكی پیرۆزی خۆیان بهجێبهێڵن. له چه‌ند رۆژێكدا سه‌دان هه‌زار خێزان په‌نایان بۆ هه‌رێمی كوردستان هێنا، كه ته‌نگژه و بارێكی مرۆڤایه‌تیان خوڵقاند.
داعش، به‌م توانایه‌وه له 3ی مانگی ئابی رابردوودا په‌لاماری شارۆچكه‌ی شنگالی دا، به‌داخه‌وه توانی شارۆچكه‌كه بگرێت و مه‌ترسیدارترین كاره‌سات ئه‌نجام بدات. له كاتێكدا ئێمه داوای یارمه‌تی سه‌ربازیمان له دۆست و هاوپه‌یمانه‌كانمان ده‌كرد. ئێمه سوپاسی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان و وڵاتانی ئه‌وڕووپا ده‌كه‌ین بۆ به‌هه‌ند وه‌رگرتنی داواكارییه‌كانمان بۆ دابینكردنی پشتیوانی ئاسمانی، به‌ڵام پێویسته زیاتر بكرێ.
كاتێك داعش داخیلی شنگال بوو، كردیه گۆمی خوێن، دراوسێكانی كه چه‌ند نه‌وه بوو پێكه‌وه ده‌ژیان له كوردانی ئێزدی هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه، پیاوه‌كانیان كوشت، ئافره‌ته‌كانیان رفاند، هه‌زاران كه‌سیان كرده كۆیله و فرۆشتیانه عه‌شیره‌ته‌كان، به ده‌یان هه‌زار كه‌س له گه‌له‌كه‌مان ناچار كران به ئاواره‌یی به‌ره‌و چیاكان رهو بكه‌ن.
له هه‌تاوێكی تاقه‌ت پروكێندا، له‌گه‌ل بێ خۆراكی و بێ ئاویدا خه‌ڵكێكی زۆر له‌وانه له چیاكان مردن، له كاتێكدا داعش له پێشڕه‌وی و سه‌ربڕینی سه‌دان خێزان له‌م پرۆسه‌یه‌دا به‌رده‌وام بوو. ئه‌مه هیچ له جینۆسایدكردنی كوردانی ئێزدی كه‌م نییه ، ئه‌مه‌ش رووداوێكی پێشبینیكراو بوو.
هه‌روه‌ها ئێمه سوپاسی فریاگوزارییه ئاسمانییه چاره‌نووسسازه‌كان ده‌كه‌ین - كه بۆ سه‌ر چیایه‌كه فڕێدران و بووه هۆی رزگاركردنی ژیانی خه‌ڵكێكی زۆر. ئه‌مڕۆ، هه‌رچه‌نده زۆر له ئافره‌ته‌كانمان هێشتا كۆیله‌ن - ئه‌وان به نرخێكی بێ به‌ها به شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی به عه‌شیره‌ته عه‌ره‌به‌كان فرۆشراون. ئه‌م كاره نامرۆڤایه‌تییه به‌شێكی دیكه‌ی مێژووه پڕ له ئازاره‌كه‌ی گه‌لی كورده، كه تووشی جینۆساید، پاكتاوی ره‌گه‌زی و ده‌ركردنی به زۆره‌ملێ و به‌ناچاری و چه‌كی كیمیاوی هاتووین.
له‌وه‌ته‌ی په‌لاماره‌كه ئێمه خۆمان رێكخسته‌وه و زۆر ناوچهشمان له ده‌ستی داعش وه‌رگرتۆته‌وه، به‌ڵام شه‌ڕی دژی تیرۆریزم كۆتایی نایه‌ت. ئێمه له هێرشكردن دژیاندا ده‌مێنینه‌وه تا شه‌ڕه‌كه سه‌رده‌كه‌وێت.
به‌ڵام هه‌ر به ته‌نها نابێت، كه توانا سه‌ربازییه‌كانی داعش مایه‌ی نیگه‌رانی جیهانی ئازاد و ئه‌م ده‌سته به‌ڕێزه بێت، به‌ڵكو ئه‌و داهاته بێوێنه‌یه‌ی تیرۆریزمیش مایه‌ی نیگه‌رانییه، كه له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و شوێنی دیكه ده‌ستی ده‌كه‌وێ. داعش سنوور ناناسێت، له هیچ كاتێكیشدا ئه‌گه‌ر بتوانێ له پهلامارداندا دوودڵ نابێت.
بۆ دانانی ئه‌مه به گوزارشتی گشتی:
•داعش رۆژانه له‌نێوان 3- 6 ملیۆن دۆڵاری ئه‌مه‌ریكی له‌رێگه‌ی فرۆشتنی نه‌وت له بازاڕی ره‌ش و كه‌لوپه‌لی مێژوویی(التحف) و گه‌نم و جۆوه له سوریا و عێراق ده‌ست ده‌كه‌وێ.
• پاره له پارهبهخشهكان و فدیه و سه‌رانه وه‌رده‌گرێ.
•ناوچه‌یه‌كی كۆنترۆڵ كردووه، كه له ئوردن گه‌وره‌تره.
• خاوه‌نی چه‌كی پێشكه‌وتووه و له چه‌ند به‌ره‌یه‌ك شه‌ڕ ده‌كات.
•هه‌زاران چه‌كداری بیانی له‌سه‌رانسه‌ری جیهان و زۆر له وڵاتانی ئهوڕووپاوهش بۆ په‌یوه‌ندی كردن به داعش روو له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كه‌ن.
ئه‌م چه‌كداره بیانیانه نه‌ك ته‌نها بۆ هه‌رێمی كوردستان هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی ئاماده‌ن، به‌لكو بۆ وڵاتانی بنه‌ڕه‌تی خۆشیان هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی چاوه‌ڕوانكراون. بۆیه نابێ هه‌ڕه‌شه راستهوخۆكانی داعش له وڵاتانی رۆژئاوا به سووك وه‌ربگیردرێ، ئێمه پێشتر له‌سه‌رانسه‌ری جیهاندا رێپێوانی پشتیوانیكردنمان له‌م گرووپه بینیووه.
نابێت ئێمه به ته‌نیا ئه‌م شه‌ڕه بخه‌ینه سه‌ر شانی خۆمان، ئه‌مه نابێت.
خوشك و برایان..
ئه‌مه دوژمنێكی هاوبه‌ش و به‌رپرسیارێتیه‌كی هاوبه‌شه.
هه‌رێمی كوردستان هه‌ر به‌ته‌نها شه‌ڕی جیهادیانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكوری ئه‌فرقیا ناكات، به‌ڵكو شه‌ڕی تیرۆریستانی وڵاتانی ئه‌وڕووپا – به‌ریتانیا، فه‌ڕه‌نسا، ئه‌ڵمانیا، هۆڵه‌ندا، به‌لژیكا و زۆر وڵاتی دیكه‌ش ده‌كات- كه به‌ڵێنی كوشتن و تۆقاندنی ئێمه‌ی هه‌موو داوه.
نابێ هۆكاری گفتۆگۆ له‌گه‌ڵ كردن بن – ئه‌وان له ئاشتی، پێكه‌وه‌ژیان، دیموكراسی یا به‌هاكانی دیكه، كه ئێمه هه‌موومان تێیاندا هاوبه‌شین، ناگه‌ن یا دانی پێدانانێن.
ئه‌مڕۆ پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كانمان له هێلی پێشه‌وه‌ی شه‌ڕی دژ به رێكخراوێكی تیرۆریستی نێوده‌وڵه‌تین، كه به‌ڵێنی تێكدان و ئاژاوه‌ی بۆ سهقاگیرترین به‌شی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست داوه. پێشمه‌رگه‌كانی ئێمه شه‌ڕی دو‌ژمنێك ده‌كه‌ن، كه سه‌رچاوه‌ی ده‌وڵه‌تێكی ته‌واویa full-blown state) ) له‌به‌رده‌سته.
له‌لایه‌ك پێمان راده‌گه‌یه‌نرێت، كه ئێمه له‌جیاتی جیهانی ئازاد شه‌ڕ ده‌كه‌ین، له لایه‌كی دیكه‌وه پێده‌چێ جیهان ئاماده نییه و ناخوازێت بۆ تێكشكاندنی داعش و پاراستنی گه‌له‌كه‌مان كه‌لوپه‌ل و پێویستیه‌كانمان بۆ دابین بكات.
ده رۆژ به‌ر له ئه‌مڕۆ، له 25ی ئۆكتۆبه‌ر سێ برای ئازا به‌ناوه‌كانی نه‌جات، ئه‌حمه‌د و مه‌ولود له شه‌ڕی دژ به داعش شه‌هید بوون، ره‌نگه ئه‌م ناوانه له‌لای ئه‌م ده‌سته به‌ڕێزه ئاشنا نه‌بن، به‌ڵام به‌ته‌ئكید ئێمه هه‌رگیز له یادیان ناكه‌ین. ئه‌وانه له ئه‌نجامی په‌لامارێكی خۆكوژ شه‌هید بوون، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ر سێ براكه چه‌كی دروستیان بۆ بڕینی زرێپۆش پێ نه‌بوو، ئه‌وان شه‌هید بوون، چونكه بۆ خۆپاراستن زرێپۆشیان نه‌بوو.
خوشك و برایان.. ئه‌وان شه‌هید بوون، چونكه جیهانی ئازاد ده‌سته‌وه‌ستانه، كاتێك ئه‌م رووداوانه ئاشكرا ده‌بن. ئه‌مانه ئه‌و هۆكارانه‌ن، كه بۆچی ئێمه له هێرشه‌كانی دژ به داعشدا پێشمه‌رگه‌كانمان له‌ده‌ست ده‌ده‌ین و به‌شێكی، كه من بۆچی لێره‌م بۆ ئه‌وه‌یه ئه‌مڕۆ له‌به‌رده‌م ئێوه قسه بكه‌م.
خوشك و برایان
ئه‌مڕۆ هه‌رێمی كوردستان له سێ به‌ره شه‌ڕ ده‌كات:
یه‌كه‌م و له‌سه‌رووی هه‌موویانه‌وه، شه‌ڕی به‌رده‌وامی دژ به تیرۆریزمه. له‌وانه‌یه ئه‌مڕۆ داعش بێت، به‌ڵام پێشتر له عێراق ئه‌لقاعیده بوو، رژێمی به‌عس و حكوومه‌ته یه‌ك به دوای یه‌كه‌كانی عێراق، كه چه‌كی كیمیاوی دژ به گه‌له‌كه‌مان به‌كارهێنا و زیاتر له 4 هه‌زار و 5 سه‌ت گوندی رووخاند. ئێمه زیاتر له یه‌ك سه‌ده‌یه شه‌ڕی تیرۆریزم ده‌كه‌ین، بۆ به‌رگریكردن له خاك و گه‌له‌كه‌شمان به‌رده‌وام ده‌بین.
دووه‌م، ئێمه شه‌ڕی دارایی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدراڵ له به‌غدا ده‌كه‌ین. به‌شێك له هۆكاری پڕ چه‌ك نه‌كردنی پێشمه‌رگه‌كانمان له هێرشه‌كانی داعشدا له‌به‌رئه‌وه‌یه حكوومه‌تی فیدراڵ كه‌لوپه‌ل و راهێنان و چه‌كی بۆ پێشمه‌رگه‌كانمان دابین نه‌كردووه، وێڕای پابه‌ندی روونی ئه‌خلاقی و ده‌ستووری. هه‌میشه به پێشمه‌رگه‌كانمان گوتراوه، كه ئه‌ركی ئێوه‌یه بۆ عێراق شه‌ڕ بكه‌ن و بمرن ، به‌ڵام هه‌میشه مافه‌كانیان فه‌رامۆش ده‌كرێ.
حكوومه‌تی فیدراڵ له مانگی شوباتی ئه‌مساڵه‌وه به ناقانوونی بودجه و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ره مه‌ده‌نیه‌كانی ئێمه‌ی راگرتووه. پێشمه‌رگه‌كانی ئێمه له شه‌ڕی تیرۆریزمی جیهانی به‌رده‌وامن بێئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقی فیدراڵه‌وه مووچه‌ی پێ درابێت. ئێمه ئه‌وه‌ی پێمان بكرێ، ده‌یكه‌ین، به‌ڵام داهاته داراییه‌كانمان سنووردارن.
وێڕای ئه‌وه‌ی ته‌نها كه‌سین، كه له‌سه‌ر زه‌وی به‌رامبه‌ر داعش ده‌سكه‌وتمان به‌ده‌ست هێناوه، تا ئێستاش پێشمه‌رگه له لایه‌ن به‌غدا یا هاوپه‌یمانان له هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به داعش هیچ جۆره چه‌كێكی قوڕسی بۆ دابین نه‌كراوه.
تێچووی ئه‌م شه‌ڕه به‌رده‌وامه، هاوشان له‌گه‌ڵ ئه‌و 1.5 ئاواره و IDP یانه، كه مه‌سیحی و كورد و عه‌ره‌ب له‌خۆده‌گرێ، ئه‌نجامێكی به ئازاری خستۆته سه‌ر توانا‌مان بۆ چاودێریكردنی ئه‌و هه‌موو خه‌ڵكه. میوانداریهكانمان پێشكه‌ش كراون بێئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقی فیدراڵ هیچ پاره‌یه‌ك یا یارمه‌تیه‌ك دابینكرا بێت.
له هه‌مووی گرنگتر، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا حكوومه‌تی عێراقی فیدراڵ له گوشاره‌كانی بۆ سه‌ر وڵاتانی رۆژئاوا به‌رده‌وامه، كه هاوكاری مرۆیی و ته‌قه‌مه‌نی و چه‌كی سووك و مامناوه‌ندمان بۆ ده‌نێرن، كه ده‌بێ بۆ پشكنین بچێته به‌غدا و سه‌ره‌نجام باره‌كه دوا ده‌كه‌وێ. ئه‌م دواكه‌وتنه بۆته هۆی له‌ده‌ستدانی ژیانی زۆرێك له‌وانه‌ی له هێلی پێشه‌وه‌ن و بۆته خهتهرێكیش بۆ ئه‌وانه‌ی پێویستیان به خۆراك و ئاو و شێلتهره.
ئه‌مه من ده‌باته سه‌ر سێیه‌مین و زهفترین شه‌ڕ، كه ئێمه ده‌یكه‌ین. ئه‌ویش شه‌ڕی یارمه‌تی زیاتره له وڵاتانی ئه‌وڕووپا و جیهانی ئازاده‌وه.
پێشمه‌رگه‌كانی ئێمه شه‌ڕێك ده‌كه‌ن، كه هه‌رگیز به AK47s و RPGs سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست نایه‌ت. ئێمه تا ئێستاش پڕ چه‌ك نین، ئێمه تا ئێستاش ئامرازی دروستمان بۆ خۆپاراستن له دژی IEDs، مین و خۆكوژه‌كان نییه. به‌درێژایی رابردوومان پێمان گوتراوه، كه نابێ له‌به‌ر به‌غدا تۆپی قوڕس و چه‌كی پێشكه‌وتوو به هه‌رێمی كوردستان بدرێت. ئه‌م سیاسه‌ته هه‌ڵه‌یه و ده‌بێ چاوی پێدابخشێترێتهوه.
هه‌ندێك یارمه‌تی له وڵاتانی ئه‌وڕووپاوه گه‌یشتوون، به‌ڵام زۆربه‌یان ته‌قه‌مه‌نی و چه‌كی سووك بوون. بۆیه ئێمه ناتوانین به چه‌كی سووكه‌وه پێشبینی شه‌ڕی دو‌ژمنێك بكه‌ین، كه چه‌كداری له‌سه‌رانسه‌ری جیهان هه‌یه و سه‌دان هه‌زار دۆڵار داهاتیه‌تی و خاوه‌نی هه‌مه‌ری سه‌ربازی و تۆپی قوڕسه.
ده‌ستووری عێراق به روونی به‌رپرسیارێتی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستانی به پاسه‌وانی سنوور- پێشمه‌رگه سپاردووه.
1- وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێوه باش ده‌زانن، ئێمه ئاره‌زوومه‌ندانه ساڵی 2003 دوای رووخانی رژێمی سه‌دام حوسێن بڕیارماندا په‌یوه‌ندی به عێراقی نوێوه بكه‌ین.
2- ئێمه ژماره‌یه‌كی زۆر چه‌كداری دلێرمان له‌ده‌ستدا له كاتی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ لابردنی رژێمی پێشوو.
3- ئێمه ساڵی 2003 هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌مان ره‌وانه‌ی به‌غدا كرد بۆ نه‌هێشتنی توندوتیژی، جارێكی دیكه له 2006-2007 دا له كاتی شه‌ڕی ناوخۆدا، به‌ڵام پێویسته عێراقیش به‌رپرسیارێتی خۆی پراكتیزه بكات.
مایه‌ی قبوڵكردن نییه به‌غدا به‌هۆی ناكۆكی سیاسیه‌وه قوتی خه‌ڵك ببڕێت، هه‌روه‌ها مایه‌ی قبوڵكردن نییه به‌غدا پێشمه‌رگه له به‌ده‌ستهێنانی چه‌كی پێشكه‌وتوو بێ به‌ش بكات.
داعش ته‌نها ئه‌وكاته ده‌توانرێ كۆتایی پێ بهێنرێ، كاتێك هه‌موو لایه‌نه‌كان به حكوومه‌تی عێراقی فیدراڵ و وڵاتانی دراوسێوهش دان به پابهندیهكانیان بنێن و بیناسن.
ئێمه سوورین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ناكۆكیه‌كانمان له‌گه‌ڵ به‌غدا له رێگه‌ی دیموكراسی و ئاشتیه‌وه چاره‌سه‌ر بكه‌ین، به‌ڵام نابێ هه‌مان ئه‌و باره ئارایهstatus quo به‌رده‌وام بێت.
ئێمه چه‌ندینجار سه‌لماندوومانه، كه كورد بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی توخمی به‌رپرس و بنیاتنه‌ری ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیانه، كۆتایی هێنان به توندوتیژی و بێسه‌روبه‌ری ئاسایش له عێراق یه‌كه‌م و له‌سه‌رووی هه‌مووی له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمی كوردستانه. ئێمه دان به‌وه‌دا ده‌نێین، كه نا سه‌قامگیری له عێراق كاریگه‌ری به‌سه‌ر ئاسایشی ئێمه‌وه ده‌بێت.
تیرۆریزمی نێوده‌وڵه‌تی پێویستی به وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه، هه‌رێمی كوردستان له هێلی پێشه‌وه‌ی شه‌ڕی تیرۆر دایه. ئێستا كاتی هاتووه یه‌كێتی ئه‌وڕووپا پراكتیزه‌ی رۆڵی سه‌ركردایه‌تی خۆی بكات و كاره‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا زیاتر بكات.
ئه‌ركی ده‌ستبه‌جێی ئێمه روونه، ئه‌ویش پاراستنی دیموكراسی هه‌رێمی كوردستان و به‌رگریكردنه له كۆمه‌ڵگه پڕ له چالاكه‌كان، به‌ڵام ده‌بێ جیهانی ئازاد له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا بوه‌ستێت و یارمه‌تی ئامانجپێك بۆ پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كانمان دابین بكات.
خوشك و برایان..
هه‌رێمی كوردستان شانازی به‌وه ده‌كات، كه به‌رگری له ئازادی و ئه‌زموونه دیموكراسه ساواكه‌مان ده‌كات، به‌ڵام یه‌كێتی ئه‌وڕووپا پێویسته ده‌ست له‌ناو ده‌ست له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان كار بكات بۆ پێناسكردنی ستراتیژێكی ده‌ستبه‌جێ بۆ تێكشكاندنی ئه‌م هه‌ڕه‌شه تیرۆریستیه بۆئه‌وه‌ی ئێوه له پایته‌خته‌كانی خۆتان روبه‌ڕوویان نه‌بنه‌وه.
ئێمه ته‌نها به‌رگری له گه‌لی كورد ناكه‌ین، به‌ڵكو به‌رگری له ملیۆنان كه‌س ده‌كه‌ین، كه سه‌ر به ئه‌تنی و ئاینی دیكه‌ن. هه‌رێمی كوردستان بۆته نه‌وای ئارام بۆ ئه‌وانه‌ی له شوێنه‌كانی دیكه‌ی عێراق و سوریا له زوڵم وزۆری رایانكردووه و بۆ ملیۆنان خه‌ڵكی دیكه‌ش بۆته پڕشنگی هیوا. به‌م دواییه ئێمه پێشمه‌رگه‌مان رهوانكرده كۆبانێ بۆ یارمه‌تیدانی خوشك و براكانمان، كه قاره‌مانانه به‌رگری له شاری كۆبانێ ده‌كه‌ن.
حكوومه‌ت و دهزگاكانمان، كه ئافره‌ت و پیاوی سه‌رجه‌م كولتوور، ئاین،كۆمه‌ڵگه و ئه‌تنی جیاواز له‌خۆ ده‌گرێ، ئه‌مه‌ش ئه‌زموونێكه چه‌ندین سه‌ده‌یه له مێژووی كورد پراكتیزه ده‌كرێ و شتێكه ئێمه له پشتیوانیكردن و تۆكمه‌كردنی به‌رده‌وام ده‌بین.
ئه‌زموونه‌كه‌مان له‌سه‌ر بنه‌مای پره‌نسیپه‌كانی پێكه‌وه‌ژیان و رێزگرتن له مافه‌كانی مرۆڤ دامه‌زراوه، ئێمه بۆ سه‌ر ئاشتی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هه‌ڕه‌شه نین، له راستیدا ئێمه دورگه‌یه‌كی ئاشتی و سه‌قامگیرین له ناوچه‌یه‌كی پڕ له ئاژاوه و گوماندا.
له كۆتاییدا و له‌جیاتی هه‌رێمی كوردستان ده‌مه‌وێ ئه‌م ده‌رفه‌ته بقۆزمه‌وه بۆ ده‌ربڕینی سوپاسگوزاری خۆمان بۆ یه‌كێتی ئه‌وڕووپا و وڵاتانی ئه‌ندام له‌به‌رامبه‌ر به‌رده‌وامی فریاگوزارییه مرۆییه‌كان و یارمهتیهكان بۆ سه‌تان هه‌زار كه‌س له هه‌رێمه‌كه‌ماندا، كه پێویستیان به خۆراك، ئاو و شێلته‌ر هه‌یه.
ئێمه زۆر به گه‌شبینیه‌وه چاومان له داهاتوو بڕیوه، ئێمه چاومان له‌وه‌یه یه‌كێتی ئه‌وڕووپا یارمه‌تی و كاری زیاترمان بدات.
جارێكی دیكه سوپاستان ده‌كه‌م بۆ ره‌خساندنی ئه‌م ده‌رفه‌ته تا له‌به‌رده‌م ئێوه‌دا قسه بكه‌م. ئێستاش خۆشحاڵم گوێ له هه‌ر پرسیار و كۆمێنتێكتان بگرم.
