پارێزگاری نەینەوا: مالیكی پێویستیی بە پێشمەرگەیە و بە بارزانیش ناڵێت

 پارێزگاری نەینەوا: مالیكی پێویستیی بە پێشمەرگەیە و بە بارزانیش ناڵێت
پارێزگاری موسڵ كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە شاری هەولێر بۆ باسكردنی رووداوەكانی موسڵ ئەنجامداو خراپیی دۆخی موسڵی خستە ئەستۆی مالیكی و فەرماندە سەربازییەكانی.

ئەسیل نوجێفی رایگەیاند، كە ئەوان پێشتر پێشبینی ئەو رەوشەیان كردووەو راپۆرتیان بۆ سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران ناردووە، بەڵام وەك خۆی دەڵێ "مالیكی گوێی بە راپۆرتەكانی ئێمە نەداو تەنیا گوێ لە فەرماندە سەربازییەكانی نزیك لەخۆی دەگرێ، كە ئەوانیش ناوێرن راستی رەوشی عێراقی پێ رابگەیێنن".

ئەسیل نوجەیفی ئاشكرایكرد، كە درەنگانی ئەو شەوەی موسڵ لەلایەن چەكدارانەوە كۆنترۆڵكراوە، زانیاریی پێگەیشتووە كە نووری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رەزامەنی نیشانداوە پێشمەرگەی كوردستان بەرەو موسڵ بجووڵێن بۆ پارێزگاریی لە شارەكە، "بەڵام لەبەر لووتبەرزی خۆی بە فەرمی داوای لە بارزانی نەكردووە پێشمەرگە بنێرێت".

نوجەیفی داوایكرد، هەریەك لە عەلی غێدان، فەرماندەی هێزە وشكانییەكانی عێراق ‌و عەبود قەنبەر، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان ‌و فەریق مەهدی غەراوی كە سەرپەرشتی رەوشی موسڵیان كردووە بدرێنە دادگای سەربازی و دادگایی بكرێن و گوتی "كاژێرێك پێش كۆنترۆڵكردنی موسڵ هەڵاتوون و زرێپۆش و چەكە قورسەكانیان لە موسڵ جێهێشتووە".

پارێزگاری موسڵ ئەوەشی خستەڕوو كە بە تەنیا رێكخراوی داعش نییە كۆنترۆڵی موسڵی كردووە، بە گوتەی ئەو هەندێك گرووپی بچووكی چەكداری دیكە هەن كە دژی حكومەتی عێراقن ‌و هەلەكەیان قۆستووەتەوەو ئەوانیش جەنگاون.










رووداو
Top