داعش لە كەركووك ئەم ناوچانەی گرتووە
ئەحمەد عەسكەری، ئەندامی لیژنەی ئەمنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای كشانەوەی سوپاو پۆلیسی عێراق لە ناوچە عەرەبنشینەكانی كەركووك چەكدارانی داعش دەستیان بەسەر شارۆچكەو شارەدێكانی حەویجەو زاب و عەباسی و رەشاد و ریاز لە باشووری كەركووك گرتووە".
ئەحمەد عەسكەری گوتیشی "چەكدارانی داعش تا ئێستا نەیانتوانیوە بەرەو ئەو ناوچانە بێن كە پێشمەرگەی لێیە، پێشمەرگەش لەهەموو ناوچە تێكەڵەكانی كەركووك جێگیركراوە، وەك ناوچەكانی دوبز و یایچی و تازەو داقوق".
ئەندامەكەی لیژنەی ئەمنی ئەنجوومەنی كەركووك راشیگەیاند "بەپێی فەرمانی حكومەتی عێراق پۆلیس تەنها بەرپرسیارە لە پاراستنی بنكەكانی خۆی و سوپا پاراستنی ناوچەكان لە ئەستۆ دەگرێ، بەڵام لەگەڵ كشانەوەی سوپا پۆلیس ناتوانێ هیچ بەرگری بكات".
ئەحمەد عەسكەری ئاماژەی بەوەشدا "ئەو دەنگۆیانەی باس لە ئەگەری گواستنەوەی زیندانییەكانی بەندیخانەی تەسفیراتی كەركووك دەكەن بۆ هەولێر بەهۆی مەترسی چەكدارانی داعش بۆ سەر بەندیخانەكە هیچ بنەمایەكی نییە".
چەكدارانی داعش شاری موسڵی سەنتەری پارێزگای نەینەواو چەند ناوچەیەكی دەورووبەریان بە یەكجاری كۆنترۆڵ كردووە، جگە لە چەند ناوچەیەكی پارێزگای سەڵاحەددین.
رووداو
