"داعش رێگەی نێوان خورماتوو و تكریت كۆنترۆڵ دەكات"
مەلا حەسەن محەممەد، ئەندامی كوردی ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەددین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "چەكدارانی رێكخراوی (داعش) رێگەی نێوان شاری تكریتی سەنتەری پارێزگای سەڵاحەددین و شارۆچكەی خورماتوویان كۆنترۆڵكرد و ئێستا هەڕەشە لە رێگەی نێوان خورماتوو و بەغداش دەكەن".
مەلا حەسەن محەممەد گوتیشی "چەكدارانی داعش دوێنێ بەبێ تەقەو دوای كشانەوەی سوپاو پۆلیسی عێراق گوندی یەنگیجەی رۆژئاوای خورماتوویان كۆنترۆڵكرد و ئەمڕۆش بنكەی پۆلیسی یەنگیجەیان تەقاندەوەو دواتر گوندەكەیان بەجێهێشت".
ئەندامە كوردەكەی ئەنجوومەنی سەڵاحەددین راشیگەیاند "ئێستا دوو لیوای هێزی پێشمەرگە ئەركی پاراستنی شارۆچكەی خورماتوویان لە ئەستۆ گرتووەو ژیان لە شارۆچكەكە زۆر ئاساییە".
مەلا حەسەن محەممەد كە هاوكات كادرێكی پێشكەوتووی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە ئەوەشی خستەڕوو كە "چەكدارانی داعش لە دوێنێوە بەتەواوی شارەدێی سلێمان بەگی سەر بە خورماتوویان كۆنترۆڵ كردووەو هێزی سوپاو پۆلیسی عێراق لە سلێمان بەگ بەرەو بازگەكانی پێشمەرگە هەڵهاتوون".
ئەمە لەكاتێكدایە چەكدارانی داعش شاری موسڵی سەنتەری پارێزگای نەینەواو چەند ناوچەیەكی دەوروبەریان بە یەكجاری كۆنترۆڵ كردووە.
رووداو
