نوێترین ئاماری ئاواره‌كانی سوریا له هه‌رێم راگه‌یه‌نرا
د. دیندار زێباری جێگری به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه رایگه‌یاند: له‌ئێستادا تێكڕای ژماره‌ی په‌نابه‌ران له عیراق گه‌یشتوه‌ته نزیكه‌ی 215 هه‌زار په‌نابه‌ر و له‌كۆی ئه‌و ژماره‌یه 213 هه‌زار په‌نابه‌ر له هه‌رێمی كوردستان نیشته‌جێن.
له‌باره‌ی چۆنیه‌تی دابه‌شبوونی په‌نابه‌رانه‌وه له‌هه‌رسێ شاره‌كانی دهۆك، هه‌ولێر و سلێمانی، دیندار زێباری رایگه‌یاند: له دهۆك، 102 هه‌زار په‌نابه‌ر كه‌به‌شی زۆری له‌كه‌مپی دومیزه به‌ڕێژه‌ی 69.033 په‌نابه‌ر هه‌یه، هه‌ولێر 82 هه‌زار و 208 و سلێمانی 22 هه‌زار و 626، په‌نابه‌ر.
روونیكرده‌وه: ژماره‌ی كه‌مپه‌كان به‌مشێوه له عیراق دابه‌شبوون كه نزیكه‌ی 10 كه‌مپن و گه‌وره‌ترینیان له دهۆكه به‌ناوی دومیز و له‌سه‌ر ئاستی پارێزگاكانیش پارێزگای دهۆك رێژه‌ی هه‌ره زۆری به‌ركه‌وتووه كه ده‌كاته 104 هه‌زار په‌نابه‌ر.
وتیشی: به‌شی زۆری په‌نابه‌ران خه‌ڵكی شاری حه‌سه‌كه‌ن، به‌شی زۆری كورده‌كان خه‌ڵكی قامیشلۆن ئه‌مه جگه له‌وه‌ی به‌شێكی دیكه‌ی په‌نابه‌ران خه‌ڵكی شاره‌كانی دیكه‌ی وه‌ك دیمه‌شق و ئه‌لیپۆن .
له‌سه‌ره‌تای ساڵی 2012 به‌هۆی ناله‌باری و تێكچوونی باری ئه‌منی له‌سوریا ژماره‌یه‌كی زۆری په‌نابه‌ران روویان له وڵاته‌كانی توركیا و ئه‌رده‌ن و لوبنان و عیراق كردووه به‌مه‌ش له‌هه‌رێمی كوردستان، رێكخراوی كۆمیسیۆنی باڵای په‌نابه‌ران به‌هاوكاری ده‌زگا حكومییه په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم و ئاژانسه‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌هه‌وڵی به‌رده‌وام دان بۆ پێشكه‌ش كردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان به په‌نابه‌ران.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، به‌هۆی بارگرژیه‌كانی ئه‌مدواییه‌ی موسڵ و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی شاره‌كه له لایه‌ن چه‌كدارانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له عیراق و شام، رێژه‌یه‌كی زۆری دانیشتوانی ئه‌و وڵاته روویان له هه‌رێمی كوردستان كردوه و چاوه‌ڕوانده‌كرێت ژماره‌ی په‌نابه‌ران زۆر زیاتر ببێت.
خه‌ندان
