هەرێمی کوردستان.. کەمپ بۆ ئاوارەكانی موسڵ دەكرێتەوە
هەروەها رزگار مستەفا، قایمقامی قەزای خەبات بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، "لە موسڵەوە تا بازگەی تلکێف بە هەزاران کەس بەڕێگاوەن، کە موسڵ جێدەهێڵن و لەگەڵ پارێزگای دهۆک لە پەیوەندیداین بۆ ئەوەی ئەو خەڵکە زۆرە لە خۆ بگرین و شوێنێکی گونجاویان بۆ بدۆزینەوە و ئەوەی کامپێکیان بۆ دروستبکەین".
قایمقامی خەبات دەشڵێ، "ئەو رەوشە کاریگەری نەکردووەتە سەر قەزای خەبات، لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژە بەوە دەکات کە: "ئێمە نازانین ئەو رەوشە چەند دەخایەنێت، ئایا چەند رۆژێکە یان زیاتر، بۆیە ئێستا شۆفڵ و ئاو و ئەمبوڵانس و پێداویستییەکانی دیکەمان بەرەو خازر بردووە بۆ ئەوەی شوێنێکی گونجاو بدۆزینەوە و کامپەکەی تێدا دروست بکەین".
پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، کە داعش دەستی بەسەر زیندانی بادووش لە موسڵ داگرتووە و بە سەدان بەندکراو رایانکردووە، رزگار مستەفا لەوەڵامی پرسیاری رێوشوێنەکانی جیاکردنەوەی هاووڵاتیانی کۆچکردوو لەگەڵ ئەو زیندانییانە و ئەگەری رووکردنیان بۆ هەرێمی کوردستان، گوتی: "ئەمە یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکانی بازگەکانی هەرێمی کوردستان، چونکە جیاکردنەوەیان ئاسان نییە".
رزگار مستەفا ئاماژەی بە خاڵی پشکنینی خازر کرد و گوتی: "بە سەدان ئاسایش و هێزی زێرەڤانی وەستاون و تاوەکو دڵنیانەبن لەوەی ئەو کەسەی دێت هاووڵاتییە، ناهێڵن بێتە هەرێمی کوردستانەوە، چونکە پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە هەموو شتێک گرنگترە".
رووداو
