پێشمه‌رگه‌ چاوه‌ڕوانی‌ فه‌رمانی‌ بارزانی-یه‌

پێشمه‌رگه‌ چاوه‌ڕوانی‌ فه‌رمانی‌ بارزانی-یه‌
بۆ پارێزگاریكردن ناوچه‌ كوردییه‌كانی پارێزگای نه‌ینه‌وا، هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ كوردستان چاوه‌ڕوانی‌ فه‌رمانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌.

ئه‌مڕۆ هه‌ڵگورد حیكمه‌ت به‌رپرسی راگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ رایگه‌یاند كه‌ به‌هۆی تێكچوونی ره‌وشی ئه‌منی پارێزگای نه‌ینه‌وا و هاتنی‌ چه‌كدارانی رێكخراوی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ له‌ عیراق و شام "داعش" بۆ ناوچه‌كه‌، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ به‌ وریاییه‌وه‌ چاودێری بارودۆخه‌كه‌ ده‌كه‌ن.

هه‌ڵگورد حیكمه‌ت بۆ ئاژانسی ئه‌نادۆڵ‌ وتی: "دانیشتووانی ناوچه‌ كوردییه‌كانی پارێزگای موسڵ، داوایان له‌ پێشمه‌رگه‌ كردووه‌ له‌كاتی‌ نزیكبوونه‌وه‌ی چه‌كدارانی رێكخراوی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ له‌ عیراق و شام "داعش" بۆ ناوچه‌كانیان، پارێزگارییان لێ بكه‌ن".

به‌رپرسی راگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ وتیشی‌: "له‌و ناوچه‌یه‌ هێزه‌كانمان له‌ ئاماده‌باشیداین. ئه‌مه‌ به‌و مانایه‌ نییه‌ كه‌ هێز بجوڵێنرێ، چونكه‌ جوڵاندنی هێز به‌ بڕیاری فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی كوردستان كه‌ سه‌رۆكی هه‌رێمه‌ ده‌بێت، به‌ڵام هێزه‌كانمان به‌ وریاییه‌وه‌ چاودێری ره‌وشه‌كه‌ ده‌كه‌ن".

به‌رپرسه‌كه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ "له‌ دوای روخانی رژێمی سه‌دام حسێن، چه‌ندین یه‌كه‌ و هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ ناوچه‌ كوردییه‌كانی پارێزگای نه‌ینه‌وا جێگیركراون. ئێستا ئه‌و هێزانه‌ چاودێری ره‌وشه‌كه‌ ده‌كه‌ن".

ئاشكراشیكرد كه‌ "ئه‌گه‌ر مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان فه‌رمانیان پێ بكات، ئه‌ركی پاراستنی ناوچه‌كه‌ له‌ مه‌ترسییه‌كانی داعش له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرن".






خه‌ندان
Top