ئاماری قوربانیانی شەڕەكەی داعش و هێزە ئەمنییەكان لە موسڵ
ئەو گەڕەكانەی ئێستا لەژێر دەستی داعش-ن، بریتین لە گەڕەكەكانی موشێرفا، تەنەك، 17 ی تەمموز و عومرەیبی و ئیسڵاح زراعی-ن.
محەممەد ئیبراهیم، سەرۆكی لیژنەی ئەمنی ئەنجوومەنی پارێزگای موسڵ رايگەیاند: "27 چەكداری داعش لە رووبەڕووبوونەوەی نێوان داعش و سوپای عێراق و هێزە ئەمنییەكان كوژراون، هێزە ئەمنییەكانیش 41 كەسیان لێ كوژراوە، كە تەرمی 21 كەسیان دۆزراونەتەوە و 20 تەرمی دیكەش لەو گەڕەكانەن كە لەژێر كۆنتڕۆڵی داعشدان".
گوتیشی "36 هاووڵاتی دیكەش بریندار بوون".
سەرۆكی لیژنەی ئەمنی ئەنجوومەنی پارێزگای موسڵ رايگەیاند: "بارودۆخی موسڵ زۆر هەستیارە و ژمارەیەكی زۆر خێزان لەو پێنج گەڕەكەی كە لەژێر كۆنتڕۆڵی داعشدان ماڵەكانیان جێدەهێڵن و روو لە ناوچە ئارامەكانی دەوروبەری موسڵ دەكەن".
محەممەد ئیبراهیم نایشارێتەوە كە ئەوان پێویستیان بە هاوكاریی هێزە ئەمنییەكان هەیە، بەڵام دەشڵێ "ئێمە دەمانەوێ پێشمەرگە بێتە نێو موسڵ، بەڵام دوای ئەوەی بارودۆخەكە ئارام بووەوە نامانەوێ لە موسڵ بمێننەوە".
نورەدین قەبەلان، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای موسڵ گوتی: "ئێستا لای راستی شاری موسڵ لەژێر دەستی چەكداراندایە".
گوتیشی "ئێستا مەترسی لەسەر زیندانی بادوش هەیە، كە بە سەدان زیندانیكراوی تێدایە، كە ژمارەیەكی زۆریان بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیركراون، چەكدارانی داعش دەیانەوێ ئەو زیندانەش بخەنە ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیانەوە".
رووادو
