میسر پەرە بە پەیوەندی ئابوری خۆی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەدات
ئەو لێدوانەی كونسوڵ، لە میانەی رێوڕەسمی شەست و دووەمین ساڵیادی رۆژی نیشتیمانی میسر هات، كە لە 4/ی یونیۆ لە هۆڵی هوتێل رۆتانا لە پایتەختی ههرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆری بەرپرسانی حكومی و ئەندامانی سلكی دیپلۆماسی میسری و ژمارەیەكی زۆری رەوەندی ئهو وڵاته لە هەرێم بەڕێوەچوو.
عوسمان ئاشكرایكرد: ئێستا هەوڵی جدی لە ئارادان بۆ بە یاساییكردنی هەماهەنگی و هاوكاری نێوان هەردوولا "لە بوارەكانی پیشەسازی و بازرگانی، ئەمە جگە لە ئیمزاكردنی چەندین گرێبەستی تایبەت بە پرۆژەی بازرگانی لە نێوان هەرێم و میسر".
هاوكات كونسوڵی گشتی میسر نیشانیدا، كەشوهەوای هەرێم ئارام و سەقامگیره، هانی كۆمپانیای فڕۆكەوانی میسری دا كە لە هەر هەفتەیەكدا "چوار گەشتی ئاسمانی لە نێوان هەولێر و قاهیرە بەڕێوە ببات".
ئاماژەی بەوەشدا، ئێستا كونسوڵگەری وڵاتەكەی خەریكی كاركردنە بۆ لابردنی هەموو ئەو تەگەرانەی كە رێگە لە ئاڵوگۆڕی گەشتوگوزاری دەگرن بەتایبەتی لە بارەی چوونی گەشتیارانی كورد بۆ میسر و هەماهەنگیكردن لەگەڵ لایەنە باڵاكان و كۆمپانیاكانی گەشتوگوزاری لەمبارەیەوە .
عوسمان ئاشكرایكرد كە ئێستا زیاتر لە هەزار قوتابی و خوێندكاری كورد لە میسر دەخوێنن، "لە چوارچێوەی رێككەوتنەكانی نێوان زانكۆكانی میسر و هەرێم" .
پاشان فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت، بە ناوی سەرۆكی حكومەتەوە پیرۆزبایی لە گەل و حكومەتی میسر كرد بەبۆنی سەركەوتنی هەڵبژاردن و هەڵبژاردنی سەرۆكێكی تازە بۆ وڵات.
هەروەها نیشانیدا، " میسر یەكەمین وڵاتی عەرەبی بوو كە كونسوڵگەری خۆی لە هەولێر كردەوە لە ساڵی 2010 و لەو رۆژەوە پەیوەندی نێوان هەردوولا بەهێزتر بووە و ئەمەش دەیسەلمێنێت كە هەردوولا ئەو خواستەیان هەیە" .
شیاوی باسە لەم ڕێوڕەسمەدا بەڕێزان، كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆ و سینان چەلەبی وەزیری بازرگانی و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوە و سەفین دزەیی گوتەبێژی فەرمی حكومەت و نوێنەرانی حزب و لایەنە سیاسیەكان و ژمارەیەك لە خاوەنكارانی كورد و میسری ئامادە بوون .
