هێزەكانی پێشمەرگە لە دەورووبەری موسڵ لە ئامادەباشیدان

 هێزەكانی پێشمەرگە لە دەورووبەری موسڵ لە ئامادەباشیدان
دوای ئەوەی ئەمڕۆ شەممە رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام (داعش) هێرشی كردە سەر پارێزگای نەینەوا و بەشێكی موسڵ و ئەو پارێزگایەی خستووەتە ژێر كۆنتڕۆڵی خۆی، هێزەكانی پێشمەرگە و ئاسایشی هەرێمی كوردستان لەو ناوچەیە لە ئامادەباشیدان.

عەمید هەڵگورد حیكمەت، بەڕێوەبەری راگەیاندن و هۆشیاری وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، "ئێمە وەك وەزارەتی پێشمەرگە فەرمانی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكەین و لە ژێر فەرمانی بەڕێزیاندا هێزەكانی وەزارەتی پێشمەرگە جوڵەی پێدەكرێت ، كە تاوەكو ئێستا فەرمانی جوڵە بۆ هێزەكانی ئێمە دەرنەكراوە."

بەڕێوەبەری راگەیاندن و هۆشیاری وەزارەتی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێمە ئاگادارین كە خەڵكی ناوچەكە هەموو تكایان ئەوەیە كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بڕواتە ئەو ناوچانە ، یان ژمارەی هێزەكانی پێشمەرگە لەو ناوچانە زیاد بكەین، تاوەكو ئیستاش رێكخراوی داعش، كوردی وەك نەتەوە نەكردووەتە ئامانج."

پێشتر غەزوان داوودی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە رووداوی راگەیاند، "داوا لە مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەین، هێزی پێشمەرگە و ئاسایشی زیاتر بنێرێت، بۆ پاراستنی كوردانی موسڵ، بەتایبەت كوردە شەبەكەكان، كە بەردەوام بوونەتە ئامانجی چەكدارە تووندڕەوەكان".

عەمید هەڵگورد حیكمەت دەشڵێت، "هێزەكانی ئێمە لەو سنوورانەی كە هاوسنوورن لەگەڵ پارێزگای موسڵ لە ئامادەباشیدان، بەڵام ئەو ئامادەباشییە بە مانای ئەوە نییە، كە بمانەوێت هێزەكانمان بجوڵێنین. ئامادەباشی هێزی پێشمەرگە بە حوكمی ئەو حاڵەتەیە، كە لە موسڵ روویداوە و حاڵەتێكی سرووشتییە، كە هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانی دیكەش بكەونە ئامادەباشییەوە."

هەڵگورد حیكمەت ئاماژە بەوەشدەكات، "ئەو هێزانەی كە لەوێن، لە ساڵی 2003-وە لەوێ نیشتەجێن، ئێمە هیچ هێزێكی دیكەمان بۆ ئەو ناوچانە نەبردووە ، ئەو ئەزموونەی ئێمە لەو شوێنانە ، بووەتە هۆكاری ئەوەی خەڵكی ئەو ناوچانە داوامان لێبكەن هێزی زۆرتر ببەین بۆ ئەوێ بۆ ئەوەی ئاسایشیان بپارێزین."

پێشتر عەمید بژار كورەماركی، بەڕێوەبەری ئاسایشی دهۆك بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەكو ئێستا هیچ جموجوڵێك لە سنووری پارێزگای دهۆك نەكراوە، كە مەترسی بێت بۆ سەر ئاسایشی ئێمە، بەڵام ئێمە رێوشوێنی خۆمان دەگرینەبەر و لە هەموو لایەكەوە لە ئامادەباشیداین."









رووداو
Top