پشكنینی تەندروستی بۆ حاجیان دەست پێدەكات

پشكنینی تەندروستی بۆ حاجیان دەست پێدەكات
دوای ئەوەی مەریوان نەقشبەندی بەرێوەبەڕی ڕاگەیاندنی وەزارتی ئەوقاف‌ داوای لە لە وەزارەتی تەندروستی كرد لەسەرجەم ناوچەكانی كوردستان بنكەی پشكنین بۆ ئەو حاجیانە بكاتەوە كە ناویان بۆ پرۆسەی حەج هاتۆتەوە، نەقشبەندی ئەوەشی خستەروو، ئەگەر وەزارەتی تەندروستی ئەو داوایانە جێبەجێ نەكات سەفەری حەج ئەمساڵ جێبەجێ ناكرێت. وەزیری تەندروستی وەڵامی ئەو داواكاریەی وەزارەتی ئەوقاف دەداتەوە.



د.رێكەوت حەمەرەشید وەزیری تەندروستی راگەیاند: پێش چەند رۆژێك لە لایەن ئەنجومەنی وەزیران لە پرۆسەی حەج ئاگاداركراونەتەوە، گوتیشی: لە 25ی ئایار لە لایەن ئەنجومەنی وەزیران ئاگادار كراینەوە، ئێمەش بە پەلە لیژنەیەكمان دروست كرد و لیژنەكەش بڕیاریدا بە پێی چەند رێنماییەك پرۆسەی حەجی ئەمساڵ دەست پێ بكات.

بە گوتەی وەزیری تەندروستی ئەمساڵ بەهۆی كێشەیەك لە دەستەی حەجی عێراقی درەنگ لە پرۆسەی حەج ئاگادار كراونەتەوە، گوتیشی:ئەو دواكەوتنەش پێوەندی بە ئێمەوە نەبوو، بۆیە لە رۆژی شەمەی داهاتوودا ناوی بنكەكانی پشكنین رادەگەیەنین و لە ماوەی هەفتەیەكدا حاجیەكان دەتوانن سەردانی ئەو بنكانە بكەن.

د.رێكەوت حەمەرەشید لە بارەی ناوی بنكەكان گوتی: لە كەلار ، لە سۆران، لە شەقڵاوە ، لە زاخۆ، لە هەولێر و سلێمانی و دهۆك بنكەكان دەكرێنەوە و لە ماوەی هەفتەیەكدا تەواوی دەكەین.

ژمارەی حاجیان ئەمساڵی هەرێمی كوردستان 3 هەزار و 654 حاجیە و بە تیروپشك ناویان دەرچووە.








باسنیوز
Top