نێچیرڤان بارزانى: ئه‌م قۆناخه‌ی ئه‌مڕۆی كوردستان خوێندنه‌وه‌یه‌كی نوێی پێویسته
ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 3ى حوزه‌یرانى 2014، سه‌رۆكوه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و جێگرى سه‌رۆكى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان، نێچیرڤان بارزانى به‌شدارى له ئاهه‌نگى یادى سى و نۆ ساڵه‌ى دامه‌زراندنى یه‌كێتیى نیشتیمانیى كوردستان كرد كه له هه‌ولێر ڕێكخرابوو.
له‌و ئاهه‌نگه‌دا نێچیرڤان بارزانى وته‌یه‌كى پێشكه‌ش كرد و تیایدا ڕایگه‌یاند: له سه‌ره‌تای قسه‌كانم ده‌مه‌وێ پیرۆزبایی خۆم ئاراسته‌ی یه‌كه به یه‌كه‌ی ئه‌ندامانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بكه‌م به بۆنه‌ی ساڵیادی دامه‌زراندنی ئه‌م حزبه تێكۆشه‌ره. سی و نۆ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له هه‌ڵومه‌رجێكی تایه‌به‌تی له‌و كاته‌دا ده‌ستی به خه‌بات و تێكۆشان كرد له پێناو دۆزی ڕه‌وای گه‌له‌كه‌مان، له پێناو ئازادی، له پێناو سه‌رفرازی، له پێناوی ئاشتی، بۆ كوردایه‌تی و بۆ گه‌یشتن به‌و ئاواتانه‌ی كه گه‌له‌كه‌مان خه‌باتی بۆ ده‌كرد دامه‌زرا و تێكۆشا. له‌و ڕۆژه‌وه هه‌تا ئه‌مڕۆ كاروانی خه‌باتی به‌رده‌وام بووه هه‌تا ئێستا.
له‌م ڕۆژه‌دا ده‌مه‌وێ سه‌ری ڕێز و نه‌وازش بۆ ئه‌و قاره‌مانانه دانه‌وێنم كه له پێناو دۆزی ڕه‌وای گه‌له‌كه‌مان خه‌باتیان كرد و شه‌هید بوون، ماندوو بوون كه ئه‌مڕۆ به‌رهه‌می ماندووبوونی ئه‌و ئازیزانه ده‌بینین؛ یادیان به خێر. هه‌روه‌ها ده‌مه‌وێ له‌و ڕۆژه‌دا وه‌كو پارتی دیموكراتی كوردستان سه‌ره‌ڕای ئه‌و كێشانه‌ی كه پێشتر هه‌بوون، پێكه‌وه له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی قۆناخی ناخۆشمان به یه‌كه‌وه بڕیوه و قۆناخی كاركردنی پێكه‌وه‌شمان زۆر دیوه، له ساڵه‌كانی ڕابردوو.
وه‌كوو پارتی دیموكراتی كوردستان شانازی ده‌كه‌ین به‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی كه له ئه‌نجامى خه‌بات و هاوپه‌یمانیه‌تیی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كه پێكه‌وه كردوومانه، شانازی ده‌كه‌ین له قۆناخه جیاجیاكانی كوردستان پێكه‌وه كارمان كرد، پێكه‌وه خه‌باتمان كرد بۆ نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عیراق. پێكه‌وه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان‌مان دامه‌زراند، ده‌ستكه‌وتی گه‌وره‌مان بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌مان به‌جێ گه‌یاند، بێگومان له‌گه‌ڵ هێزه سیاسیه‌كانی دیكه‌ى كوردستان.
پارتی دیموكراتی كوردستان شانازی به‌و هاوپه‌یمانیه‌وه ده‌كات، پارتی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له دوای ساڵی 1975 نه به هه‌ڕه‌شه بۆ خۆی حیسابی بۆ كردووه و نه ده‌یكات، به‌ڵكوو له‌و كاته‌دا پێویستییه‌كی مێژوویی بوو كه یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان دامه‌زرا و ده‌ستی به خه‌بات و تێكۆشان كرد. ئه‌وه‌ی ئێمه به ده‌ستمان هێناوه كه‌م نییه و به هیچ شێوه‌یه‌ك به كه‌م سه‌یری ناكه‌ین، به‌ڵام پێمان وایه ئه‌م قۆناخه‌ی ئه‌مڕۆی كوردستان خوێندنه‌وه‌یه‌كی نوێی پێویسته.
ئه‌مڕۆ ئێمه له سه‌رده‌مێكین وه‌ك كاك د.به‌رهه‌میش باسی كرد، ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ی كه له ناوچه‌كه‌دا به شێوه‌یه‌كی گشتی ڕوو ده‌ده‌ن پێویست به‌وه ده‌كات هه‌موو هێزه كوردستانییه‌كان یه‌كگرتوو بن، ئێمه ده‌بێت یه‌كڕیزی و یه‌كگرتووییی خۆمان بپارێزین بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی ئێستا به‌ده‌ستمان هێناوه بپارێزین و هه‌وڵ بده‌ین ده‌ستكه‌وتی باشتر بۆ گه‌له‌كه‌مان به ده‌ست بهێنین.
هیوادارم له‌و قۆناخه‌ی داهاتوو، هێزه سیاسییه‌كانی كوردستان هه‌موومان پێكه‌وه چ له به‌غدا چ له‌گه‌ڵ ڕووبه‌رووبونه‌وه ئه‌و كێشانه‌ی دێته پێشمان، هه‌موومان بتوانین به یه‌كگرتوویی به یه‌كڕیزی له‌و قۆناغه‌دا ده‌رباز ببین.
هه‌ر له‌م یاده‌دا ده‌مه‌وێ یادی سه‌رۆك تاڵه‌بانی بكه‌ینه‌وه هه‌ر له‌م ڕۆژه‌دا ئاواتی باشبوونی زیاتری ته‌ندروستی بۆ ده‌خوازین و خوا یار بێت به خێر و خۆشی ده‌گه‌ڕێته‌وه ناومان. ئه‌و بۆشاییه‌ی به‌ڕێزیان له‌و ماوه‌یه‌دا له كوردستان و له عێراق به جێی هێشت دیار بوو و دیاره بۆ هه‌موو لایه‌كمان چ بۆ كوردستان و چ بۆ عێراق. هیوادارین به ته‌ندروستییه‌كی باش به خۆشی بگه‌ڕێته‌وه ناومان. دیسانه‌وه گه‌رمترین پیرۆزبایی له هه‌ڤاڵانی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان ده‌كه‌م و ته‌مه‌نا ده‌كه‌م له به‌رده‌وامیدان به خه‌بات و تێكۆشان له پێناو دۆزی گه‌له‌كه‌مان سه‌ركه‌وتوو بن.
ئێمه له‌و قۆناخێكداین هیوادارین به‌م زووانه كابینه‌ی هه‌شته‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕابگه‌یه‌نین. ئه‌م كابینه‌یه كابینه‌ی كۆده‌نگیی نیشتمانییه، هه‌موو لایه‌ك به‌شدار ده‌بن، هه‌موو لایه‌ك به‌رپرسیاریه‌تى هه‌ڵده‌گرن، هه‌موومان به یه‌كه‌وه هاوبه‌ش ده‌بین و بۆ ئه‌و قۆناغه‌ى له پێشمانه و دیسان له پێناو ده‌ستكه‌وتی زیاتر بۆ وڵاته‌كه‌مان و بۆ گه‌له‌كه‌مان. كوردستان هه‌ر ئاوه‌دان بێت، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانیش سه‌ركه‌وتوو بێت له هه‌موو قۆناخه‌كانی خه‌بات و هه‌مووشتان به‌خێر بێن به سه‌رچاو
