بە بڕیارێکی وەزیری ناوخۆ دوای دەوام دەست بە سەر ئۆتۆمبێلە حکومیەکان دا دەگیرێت

بە بڕیارێکی وەزیری ناوخۆ دوای دەوام دەست بە سەر ئۆتۆمبێلە حکومیەکان دا دەگیرێت
وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا دەست بە سەر ئەو ئۆتۆمێلە حکومییانە دا بگیرێت کە دوای دەوامی فەرمی لە لایەن کارمەندانەوە بۆ مەبەستی تایبەت بەکار دەهێنرێن.


بە پێی نوسراوی ژمارە(٩٨٨١)ی وەزارەتی ناوخۆ كە لە ٢٠/٥/٢٠١٤ دەرچووە، وەزیری ناوخۆ بڕیاریداوە هەموو ئەو ئۆتۆمبێلە حكوومیانەی دوای دەوامی فەرمی بەكاردەهێندرێن دەستیان بە سەردا بگیرێت. لە بڕیارەكە هاتووە: لە یەکی حوزەیرانەوە دەست بە سەر ئەو ئۆتۆمبێلە حكوومیانە دا دەگیرێت كە لە دوای دەوامی فەرمی بەبێ باجی رەسمی بەكاردەهێندرێن.

وەزیری ناوخۆ لە رێگەی ئەنجومەنی وەزیران هەموو وەزارەتەكانی لەو بڕیارە ئاگداركردۆتەوە.

وەزارەتی ناوخۆ هەر لە رێگەی ئەنجومەنی وەزیران داوای لە گشت وەزارەتەكان كردوە بە لیستێك ژمارەی سەرجەم ئۆتۆمبێلە حكومیەكانیان بۆ رەوانە بكەن و ئەو ئۆتۆمبێلە حكومییانەش بگەڕێننەوە كە ژمارەی شارستانیان پێدراوە.

ئەو بڕیارەی وەزارەتی ناوخۆ دوای ئەوە دێت کە سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ٩/٣/٢٠١٤ چەند بڕیارێكی سەبارەت بە ئۆتۆمبێلە حكوومیەكان بە تایبەت قەدەخەكردنی بەكارهێنانی ئۆتۆمبێلی حكومی لە دوای دەوامی فەرمی دەرکرد.

بەڕێوەبەری‌ گشتی‌ پۆلیسی‌ هاتوچۆی‌ هەرێمی‌ كوردستان لە لێدوانێكدا بە (باس)ی ڕاگەیاند؛ هەموو بەرێوەبەرایەتیەكانی پۆلیسی هاتووچۆ ئاگاداركراونەتەوە لە ١ی حوزەیرانەوە ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر ئەو ئۆتۆمبێلە حكومیانە بگرنە بەر کە لە دوای دەوام كاردەكەن و باجیان نیە.

لیوا ڕزگار عەلی گووتی: هەندێك وەزارەت لە گەڵ ئەوەی داوایان لێ كرا بوو بۆ وەرگرتنی باج سەردانمان بكەن، بەڵام هەتا ئێستا نەهاتوون.

بەڕێوەبەری‌ گشتی‌ پۆلیسی‌ هاتوچۆی‌ هەرێمی‌ كوردستان ئەوەشی خستەروو، هەندێك لە وەزارەتەكان ئەو ژمارە شارستانییانەیان گەڕاندۆتەوە کە بە ئۆتۆمبێلە حكوومیەكان دراون، بەڵام لە بەر ئەوەی ئەو ئۆتۆمبێلانە غەرامەیان لە سەربووە، ئێمە قبوڵمان نەكردوو.

ئارم و باج بەو ئۆتۆمبێلە حكوومیانە دراوە کە لە بواری خزمەتگوزاری كار دەكەن.بەڵام ئەو باجە ئۆتۆمبێلەكانی ئاگر كوژێنەوە و ئیسعاف و چاككردنەوەی كارەبا و پۆلیس و چاككردنەوەی رێگاوبانی نەگرتۆتەوە.

بە فەرمانی سەرۆكی حكوومەت وەزارەتی ناوخۆ دەسەڵاتی پێدراوە رێكاری یاسایی بەرامبەر هەموو ئەو كەسانە بگرێـتە بەر كە دوای دەوام كار بە ئۆمبێلی میری دەكەن.

عەمید قادر سدیق بەرێوەبەری گشتی راگەیاندن و پەیوەندیەكانی پۆلیسی هاتوچۆ رایگەیاند؛ هەر ئۆتۆمبێلێكی حكوومی لە دوای سەعات ٣ی ئیوارە باجی پێوە نەبێت رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر وەردەگیرێت
Top