فازل میرانی: مەرجی ئێمە بۆ ئەوەی نوری مالیکی بۆ جاری سێیەم ببێتەوە بە سەرۆک وەزیران، دەستورە
فازل میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان, لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی حورە عێراق, ئاماژیدا: ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن توانای گفتوگۆکردنی لەسەرە, بەرپرسیاریەتەکە دەکەوێتە سەر کۆمسیۆن, ناکۆکییەکی توند لەعێراق ھەیە, ناڵێم لەناو دەوڵەتی یاسا بەڵام لە ناو ھاوپەیمانی نیشتمانی ھەیە, ئەوەی من بەردەوام جەختی لەسەر دەکەمەوە, بەداخەوە ئەویش بڕیاری نیشتمانی سەربەخۆی عێراقیانەیە کە ئامادەیی نییە, رەوشی نێودەوڵەتی و ھەرێمی دەستوەردانی ئەمەریکی کاریگەری لەسەر عێراق ھەیە.
میرانی دەڵێت: من دژی بەکەسایەتیکردنی پرسەکانم, بەڵکو لەگەڵ ئیدارەدانی وڵاتم بەپەیڕەوێکی راست و دروست, ململانێی سیاسی لەنێو ماڵی شیعە و نێو ماڵی عێراق بە کورد و عەرەب و تورکمان و سونە و شیعە و مەسیحییەکانەوە پرسەکانییان بەرەو بەکەسایەتیکردن بردوە, ئەمەش ھەڵەیەکی سیاسییە لە پرۆسەی سیاسی لەعێراق, بەپێی دەستور و قانون رێگر نییە لەبەردەم پێکھاتەی زۆرینە کەس بۆ سەرۆک وەزیران دەستنیشان بکەن, ئەگەر دووەم جار یا سێیەم یان چوارەم جاریشی بێت.
روونیکردەوە: کورد بووە سەری رم لە پرسی کێشانەوەی متمانە لە نوری مالیکی, ئەم پرۆسەیەش شکستی ھێنا, لەعێراق شیعە زۆرینەیە, بۆیە لۆجیک وایە سەرۆکی وەزیران لە شیعە بێت, مەرجی ئێمە بۆ سێیەم جار بوون بە سەرۆک وەزیران دەستورە, بەڵام پێویستە بەشێوەیەکی بەرژوەندخوازانە لێکدانەوەی بۆ نەکرێت لەھەمانکاتیشدا ھەروەک چۆن خوازرا کاری پێ نەکرێت,
لەبەشێکی دیکەی دیمانەکەدا وتی: متمانەیەکی بەھێز لەنێوان پێکھاتە سەرەکییەکانی عێراقدا نییە, جاری وا ھەیە باس لە گرێنتی کۆمکاری عەرەبی یان یۆنامی یان نەتەوە یەکگرتووەکان دەکرێت, بۆ پرسە نیشتمانییەکان زۆر بەداخەوە سەرکردەکان پەنا بۆ ئەو رێکخراوانە دەبەن, لەراستیدا ئەوانە کێشەکان چارەسەر ناکەن, ئێمە لە نێوانی خۆماندا واژوومان لەنێوانی یەکتر ھەیە بۆ نمونە رێککەوتنی ھەولێر کە زۆربەی زۆری سەرکردەکانی عێراق واژوویان کردوە, بەتەوافوق سەرۆکی کۆمار و سەرۆکی وەزیران و سەرۆکی پەرلەمان دانرا, بەڵام رێکەوتنی ھەولێر تەنیا ئەو سێ بڕگەیە نەبوو, بەڵکو چەندین بڕگەی دیکەی زۆری تێدایە, لەسەر ئەو بڕگانە بازدرا و تەنیا سێ سەرۆکایەتییەکە جێبەجێکرا.
ئەوەشی خستەروو: بەبۆچوونی من ئەو کەسەی دەتوانێت پەرش و بڵاوی سیاسەتی عێراق کۆبکاتەوە, لەکاتی ئێستادا مەسعود بارزانییە, بەڵام ئایا سەرۆک بارزانی ئامادەیە ئەو بەرپرسیارییەتیيه وەرگرێت, ئەوەلای ئەوە و لەجیاتی ئەو وەڵام نادەمەوە.
